فراکسیۆنی پارتی، دوو سەرۆک و دوو جێگر و دوو بڕیاردەری لیژنەی بەر دەکەوێ

 فراکسیۆنی پارتی، دوو سەرۆک و دوو جێگر و دوو بڕیاردەری لیژنەی بەر دەکەوێ
بڕیارە گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق بکرێت؛ جا سبەینێ فراکسیۆنە کوردییەکان بەو مەبەستە کۆ دەبنەوە؛ پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، دوو سەرۆک لیژنە و دوو جێگر و دوو بڕیاردەر بەر ئێمە دەکەوێت.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (حاکم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی ڕێککەوتن، دوو ساڵ جارێک گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیژنەکاندا دەکرێت؛ وا ئێستا دوو ساڵ تەواو بووە و، گۆڕانکاریەکان دەستی پێکردووە؛ لەو گۆڕانکاریانەش، فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان دوو سەرۆک و دوو جێگر و دوو بڕیاردەری لیژنەی بەر دەکەوێ."

(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی، سبەی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان دەربارەی چەن و چۆنی گۆڕانکارییەکە و پشکی ھەر فراکسیۆنێک لەو گۆڕانکاریانە کۆ دەبنەوە؛ ئەگەر بڕیاربەدەستی لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری بدرێتە یەکێتی پێویستە پۆستی بڕیاربەدەستی لیژنەی دارایی لە کۆمەڵ وەربگیرێتەوە و، بدرێتە پارتیی دیموکراتی کوردستان، جا ئەوە هەمووی لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا یەکلایی دەکرێنەوە.






KDP
Top