ئەندازیارێکی کورد لە کێڵگەی نەوتی بای حەسەن شەهید کرا
محەممەد سەڵاحەددین، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە كۆمپانیای كار گرووپ، رایگەیاند " كاژێر 08:00-ی سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە چەند چەكدارێكی داعش دزەیان کردە نێو شوێنی كارەكەمان لە كێڵگەی نەوتی بای حەسەن، سەرنجام دوو كارمەندیان دەستگیرکردین".
لەبارەی ئەو ئەندازیارەش کە کوژراوە گوتی" یەكێک لەو کارمەندانەمان ئەندازیارێكی كوردە بەناوی دڵشاد مستەفا و لە دایكبووی ساڵی 1991، دوای دەستگیركردنی بە گولـلەیەک شەهید بووە، حەسەن عەلی-یش بەهەمان شێوە كارمەندێكی كوردی کۆمپانیاکەیە و بە گولـلەیەک بریندارکراوە".
بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە كۆمپانیای كار گرووپ، باسی لەوەش كرد، تەرمی دوو چەكداری داعش لەناو شوێنی كارەكایان بەجێ ماوە و، بەپێی گوتەی كارمەندە بریندارەكە ئەو دوو تەرمەی داعش هەر هی ئەو دوو کەسەن کە ئەندازیارەکەیان شەهید کردووە".
لەبارەی دەستپێكردنەوەی كارەكانیان كە بەهۆی ئەو هێرشانەوە وەستاوە محەممەد سەڵاحەدین گوتی "بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكانمان پێویستمان بە 10رۆژێك دەبێت".
سەبارەت بەقەبارەی زیانەكانیشیان كە بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەریان كەوتووە محەممەد سەڵاحەدین گوتی "جگە لە زیانی گیانی كە لەلای ئێمە زۆر گەورەیە، زیانی دارایشمان هەبووە، بەڵام هێشتا قەبارەكەی دیار نییە".
رۆژی یەكشممە 31-7-2016 داعش بە سێ خۆکوژ هێرشیان کردە سەر كێڵگەی نەوتی بای حەسەن، بەو هۆیەشەوە هەناردەی نەوت لەو گێڵگە نەوتیە راگیرا.
رووداو
