بارزانی: پێویستە ڕێککەوتنی سیاسی بۆ قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵ بکرێت
لەو دیدارەدا شاندەکە دەستخۆشییان لە پێشمەرگەی کوردستان کرد کە گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا بەخت کردووە و دوای ئازادکردنی ناوچەکانیش ڕێگەیان نەداوە مەرامی دوژمنان بۆ تێکدانی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بێتەدی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا لەبارەی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ بە شاندی میوانی ڕاگەیەند: "باشترین و دروستترین ڕێگەیە و پێویستە خۆتان بەشداریی لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانتان و پاراستنیدا بکەن و بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکرێت."
پوختەیەک لە ناوەرۆکی دیدارەکە:
ڕۆژی یهكشهمه ٣١ـی٧ـی٢٠١٦ لە سەلاحەدین مسعوود بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لهگهڵ كهسایهتی و سهرۆك هۆزهكانى عەرەبی سوننەی پارێزگای نەینەوا كۆبۆوه.
له كۆبوونهوهكهدا کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە، هەروەها سوپاسگوزاریی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان کرد کە سەرەڕای دۆخی شەڕ و ڕەوشی خراپی ئابووری، باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و خەڵکی دەربەدەری پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی ژێر داگیرکاریی تیرۆریستان، کردۆتەوە و کوردستان بۆتە ماڵێکی ئارامی لێقەوماوان، ڕەخنەشیان لە حکوومەتی عێراق گرت کە هیچ هاوکارییەکی بۆ ئاوارە و لێقەوماوان نەناردووە و خۆی بە خاوەنیان نەزانیوە.
شاندەکە دەستخۆشییان لە پێشمەرگەی کوردستان کرد کە گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا بەخت کردووە و دوای ئازادکردنی ناوچەکانیش ڕێگەیان نەداوە مەرامی دوژمنان بۆ تێکدانی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بێتەدی.
كهسایهتی و سهرۆك هۆزهكانی نەینەوا ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستانیان بەرز نرخاند و داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە لەپێناو پاراستنی خەڵک و دڵنیایی زیاتری هاووڵاتیانی ناوچەکە، هێزی پێشمەرگە بەشداریی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ بکات و خەڵکی پارێزگاکە شانبەشانی پێشمەرگە بەشداریی شەڕی ئازادکردنی موسڵ و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بکەن.
شاندی میوان ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەوان شانازیی بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی دەکەن متمانەی تەواویشیان بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان هەیە و دەیانەوێ پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دڵنیایی تەواویان لە داهاتووی خۆیان هەبێت.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی له وتهیهكدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، تیشكی خسته سهر ڕەوشی ناوچەکە و باسی رهفتاری دڕندانەی داعشی بهرامبهر خهڵكی ئهو دهڤهره کرد و داوای له ئامادهبوان كرد كه ههماههنگی ههبێت بۆ برایهتى و پێكهوەژیان و ئەوەی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان هەرگیز ڕێگە نەدراوە شەڕ و بەرخودان لە بەرانبەر حکوومەت بکرێتە شەڕی کورد و عەرەب، تیرۆریستانی داعش ویستیان بگەنە ئەو مەرامەی خۆیان و هەندێ کەسی تر کە پێیان وابوو بەو ڕێگەیە دەگەنە ئامانجەکانیان و شەڕەکە بکەنە شەڕی کورد و عەرەب، هەروەها خۆیان وەک فریادڕەسی عەرەبی سوننە پێشان دا، کەچی دەرکەوت کە داعش جگە له كاولكاریی هیچی پێشکەشی ناوچە سوننەنشینەکان نەکرد و سووکایەتییان بە زۆر بەهای عەرەبییش کرد. جەختیشی کردەوە کە ئەوەی دەستی لەگەڵ داعش هەبووبێت و هاوكاریی داعشی كردبێت و هزری داعشی لا پەسەند بێت، چارەنووسی وەک داعش دەبێت.
سەبارەت بە بەشداریکردنی خەڵکی پارێزگای نەینەوا لە شەڕی ئازادکردنەوەی مووسڵ، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەوە باشترین و دروستترین ڕێگەیە و پێویستە خۆتان بەشداریی لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانتان و پاراستنیدا بکەن و بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکرێت.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە پارێزگای نەینەوا ڕەوشێکی تایبەتی هەیە و دەبێ چارەسەرێکی تایبەت بەخۆی هەبێت و ئەزموونی هیچ پارێزگایەکی دیکە بەکەڵکی نەینەوا نایەت، بۆیە بەرلە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، پێویستە ڕێککەوتنی سیاسی لەبارەی قۆناخی دوای مووسڵ بکرێت تا پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە لە داهاتووی خۆیان دڵنیا بن و جارێکی دیکە تووشی کارەسات نەبنەوە. تەئکیدیشی کردەوە کە ئازادکردنی موسڵ بێ بەشداریی پێشمەرگە مەحاڵە و پێشمەرگە بەشداریی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات بەڵام ناچێتە ناوشاری موسڵ و تەنها ڕۆڵی پشتیوانی دەگێڕێت.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە بابەتی حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بەشێکە لە بەهای بەرزی خەڵکی کوردستان و سەرەڕای ئەو دۆخە قورسە و بەدەنگەوە نەهاتنی بەغدا بۆ هاوکاریی ئەو خەڵکە، تا ئەوکاتە ناوچەکانیان ئازاد دەکرێت و دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان، هەرچی لە توانادا بێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان درێخی ناکرێت
باسنیوز
