ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رێکەوتی ٣١/٧/٢٠١٦، فڕۆکەیەکی شەڕکەری هاوپەیمانان لە ئاسمانی کوردستان تووشی کێشەی تەکنیکی لە بزوێنەرەکەی بوو و بۆیە داوای نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر کرد.
بۆ ئەوەی لە کاتی نیشتنەوەی نائاساییی، فڕۆکەکە هیچ مەترسییەک دروست نەکات، داوا کرا کە بۆمب و تەقەمەنییەکانی بەتاڵ بکات، ئەوە بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش شوێنێک لە دووریی 10 کیلۆمەتری باکووری رۆژئاوای شەقلاوەی بۆ دیار کرا و کاتژمێر ١٤:٣٥ی دوا نیوەڕۆ بۆمبەکانی لە شوێنی دیاریکراو بەتاڵ کردەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی لێ بکەوێتەوە و دواتریش فڕۆکەکە بەبێ کێشە لە فرۆکەخانەی هەولێر نیشتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ٣١/٧/٢٠١٦
