پارتی: ئەنجامدەرانی کەیسی کوشتنی گەنجەکەی کەرکووک شاراوە نییە
محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوشتنی بارزان محەمەد بەردەوامە، لێژنەی فەرعی و سەرەکیش دانراوە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پێشبینی دەکات ئەنجامدەرانی ئەو کەیسە شاراوە نەبێت و گوتی: “ڕەنگە لێژنەکە لە لێکۆڵینەوەکانیدا بگاتە ئامانج”.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەوان چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکان دەکەن، تاوەکوو لەبارەی کوژرانی گەنجەکەی کەرکووکەوە ئەنجامی کۆتاییان دەست بکەوێت.
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو، (باسنیوز) وەک یەکەمین دەزگای میدیایی کوردستان، وێنەی گەنجێکی شاری کەرکووکی بڵاو کردەوە کە تەرمەکەی دۆزرابووەوە و چەند تاتۆیەک لەسەر جەستەی بوو کە ناوی (بارزانی) لەسەر نووسرابوو. دواتر بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک - پارتی بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد کە کەسوکاری گەنجەکە ئاسایشی یەکێتی لەم دۆسیەیە بە بەرپرسیار دەزانن، بەڵام گوتەبێژی ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک بە (باسنیوز)ی گوت: “ئەو گەنجە بکوژ بوو، بانگمان کرد، بەڵام کە بینیمان تریاک کێش و سەرخۆشە، ڕێگامان دا بڕوات”.
باسنیوز
