سروە عەبدولواحید: پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا دەستدرێژی کردە سەرم
هەروەک میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، رۆژی یەکشەممە 31ـی تەمموزی 2016 سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆکاری ”دەستدرێژی و هێرشەکە“ی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی مەیسوون دەمەلۆجی وەک سەرۆکی لیژنەی راگەیاندن و رۆشنبیریی پەرلەمان گەڕاندووەتەوە.
سروە عەبدولواحید رایگەیاندووە، کە فازڵ کینانی، پەرلەمانتاری ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات لە ناو هۆڵی پەرلەمان ”دەستدرێژی و هێرشی“ کردووەتە سەر.
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە، کە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی و بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندییەکی بەتینیان لەنێواندا هەیە و لە چەند هەفتەی رابردووشدا، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان لە سلێمانی پێشوازییەکی گەرمی لە نوری مالیکی کرد.
باسنیوز
