سەرۆك بارزانی لە یادی ئەنفالی بارزانییەكاندا: باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان، بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادییە
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ یادی ڕۆژێكی جەرگبڕ و تاریكە لە مێژووی گەلەكەمان. بەر لە 33 ساڵ ڕژێمی بەعس بە شێوەیەكی دڕندانە هەشت هەزار پیاوی بارزانیی پیر و گەنجی هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا پیرەمێردی 90 ساڵ ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و بە شێوەیەكی نامرۆڤانە كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانیدانانەی بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و پەلاماری تیرۆریستان و تاوان لە دژی خوشك و برا ئێزدییەكانمان. هەرچەندە كارەساتەكان دڵتەزێن و گەورەن، بەڵام ئازادی و سەربەخۆیی ئەوە دەهێنێ لە پێناویدا قوربانی بدەین و، بۆ سەربەخۆیی قوربانیدان بەهایەكی هەرزانە.
وەك بارزانییەك هەست بە سەربڵندی دەكەم كە بارزانییەكان لە پێناو ڕزگاری و سەربەخۆیی گەلی كوردستاندا قوربانییان بەخشیوە و نەهامەتیی زۆریان بینیوە. بە درێژایی سەدەی بیستەم هەر لە 1905 كە شۆڕشی شێخ (عەبدوسەلامی بارزانی) بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێ كرد گوندی بارزان شازدە جار لە لایەن دوژمنانی گەلی كوردستان سوتێنراوە و وێران كراوە، بەڵام هیچ جار بارزان سەری بۆ دوژمن شۆڕ نەكرد و خۆی بەدەستەوە نەدا و هیچ كات ئیرادەی نەشكا و لەسەر ڕێبازی خۆی بەردەوام بوو. ئەو ڕێبازەی جێگەی شانازیمە و لەسەری پەروەردە كراوم، ڕێبازێك كە زوڵم و ژێردەستی قبوڵ ناكات، پەروەردەیەك كە تێیدا دین ئەخلاقە و ژیانی بندەستی مردنە و مردن لە پێناو سەربەستیدا ژیانە.
لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا بەپێویستی دەزانم سوپاسی خەڵكی ئازیز و خۆشەویستی دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران بكەم كە لە ڕۆژە تاریك و ناخۆشەكاندا كوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون و ئازاری بارزانییەكانیان بە ئازاری خۆیان زانیوە. سوپاسی شێرەژنانی بارزانی دەكەم كە كەسوكاریان ئەنفال كران و ساڵانی زۆر و ماوەیەكی درێژ بۆ منداڵەكانیان هەم باوك بوونە و هەم دایك. تەحەمولی لەدەستدانی ئازیزان و ئازار و سەختییەكانیان كردووە و سەربەرزانە ڕۆڵەكانیان لەسەر كوردایەتی و ڕێبازی ڕاست پێگەیاندووە.
شاییستەترین وەڵام بۆ قوربانیدان و كارەساتە یەك لە دوای یەكەكانی گەلەكەمان و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان و ئەنفال، بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادییە بۆ گەلی كوردستان.
بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مەسعوود بارزانی
31ـی 7ـی 2016
KDP
