فراکسیۆنە کوردستانییەکان: دەبێ عێراق داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکا

فراکسیۆنە کوردستانییەکان: دەبێ عێراق داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکا
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەک دەردەکەن و داوا دەکەن حکوومەتی عێراق لەبارەی ئەنفالکردنی بارزانییەکانەوە، داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکا.



خۆشەوی خەلیل، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، ئەنفالکردن و شوێن بزرکردنی هەشت ھەزار بارزانی لەلایەن حزبی بەعسی لەناوچووەوە ”یادێکی خەمناکە و لەبیری ناکەین“، کە تەنیا تۆمەتی کۆمەڵکوژکردنی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە، کوردبوون بووە و هیچ تاوانێکیان نەبووە.



خۆشەوی خەلیل ئاماژەی بەوە کرد، کە بەوبۆنەیەوە، رۆژی شەممە 30ـی تەمموزی 2016 فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەیاننامەیەکان خوێندەوە و تێیدا داوای قەرەبووی دارایی و مەعنەوییان بۆ کەسوکاری قوربانییان کرد.



بەپێی بەیاننامەکە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە پێویستیان زانیوە ”حکومەتی عێراق داوای لێبوردن لەگەلی کوردستان بکات و ھەوڵبدات لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانی کۆمەڵکوژکردنی بارزانییەکان بە جینوساید بناسرێت“.



لە مانگی تەمموزی ساڵی 1983، رژێمی بەعسی عێراق لە چەند هەڵمەتێکدا، زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و گەنجی عەشیرەتی بارزانی راگواستەوە کۆمەڵگە زۆرەملێکان و دواتریش لە پرۆسەیەکدا، کە ناوی نا ئەنفال، بە زیندووی خستنییە ژێر خاک و کۆمەڵکوژی کردن.







باسنیوز
Top