ئاوارە ئەنبارییەکان دوای گەڕانەوەیان پەیامێک بۆ گەلی کوردستان دەنێرن و دەڵێن : هەولێر پێشوازی لێکردن و بەغدا دەری کردن

 ئاوارە ئەنبارییەکان دوای گەڕانەوەیان پەیامێک بۆ گەلی کوردستان دەنێرن  و دەڵێن : هەولێر پێشوازی لێکردن و بەغدا دەری کردن
بەشێک لە هاووڵاتییانی شاری ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان، پەیامی سوپاسگوزاریی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرن.



بەهۆی شەڕی تائیفی و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کە زۆرینەیان عەرەبی سوننەن و خەڵکی پارێزگای ئەنبارن، پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێنا.



وەک لە وێنەکەدا دیارە، کە هاووڵاتییانی ئەنبار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەو ئاوارانەی ئەنبار دوای گەڕانەوەیان، سوپاسی خۆیان بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە بۆ ”بە گەرمی پێشوازی کردن و میوانداریی کردن“ی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێیان.



هەرچەندە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت، کە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراق و شەڕی دژی داعش تووشی بووە، بەڵام رێگای بۆ ئاوارەکان کردەوە بە هەموو شێوەیەک و ئێستا و بە گوتەی بەرپرسانی باڵا، نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیی ئاوارە لە کوردستانی باشوورن.



پێشوازی کردن لە ئاوارە عەرەبەکانی ئەنبار و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەکاتێکدایە، کە دەسەڵاتدارانی بەغدا (شیعە) رێگایان بەو هاووڵاتییە عەرەبانە نەدا بچنە ناو شاری بەغداوە.



دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق لە ماوەی چەند سەعاتێکدا، چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014 زۆرینەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.







باسنیوز
Top