وەزیری شارەوانی: رێكاری یاسایی بۆ رێگریكردن لە زێدەڕۆیی دەگرینەبەر
"بەرەو سیستەمێكی هاوچەرخ بۆ بەڕێوەبردنی شارەكانی كوردستان" ناونیشانی دیداری شارەوانی سلێمانی و زانكۆی پۆلەتەكنیك بوو بۆ 60 شارەوانی، كە رۆژی شەممە 30-7-2016 بەڕێوەچوو.
لە كۆنفرانسەكەدا ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و بەرپرسی حكومی بەشداربوون، ئەوەش بۆ زیاتر بەچاوڕوونی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوەكو ئاگاداری بەشێك لە گرفتەكانی شارەوانییەكان بن و هەوڵی چارە سەركردنی بدەن.
قاسم حەمە خورشید، لیژنەی جێبەجێكاری دیداری شارەوانییەكانی سلێمانی گوتی "ئەم كۆنفرانسە بۆ ئەوەیە بە حكومەت بڵێین كاری شارەوانییەكان تەنیا بە خەڵكی نێو حكومەت بەباشی بەڕێوەناچێت، بەڵكو دەبێت پرس و راوێژیش بە كەسانی ئەكادیمی بكرێت".
ئەوەی لەو دیدارەی شارەوانییەكاندا دەستی خرایە سەر دوو گرفتی سەرەكی بوون؛ یەكەمیان ئەو یاسایانەی وەزارەتی شارەوانی كاری پێدەكات بەسەر چوون و بڕگە و ماددەكانی پێویستیان بە هەموار كردنەوەیە، دووەمیش زۆربوونی زێدەڕۆیی، كە سیمای شار و قەزاكانیان تێكداوە.
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی "ئێستا هەوڵی باش هەیە لەگەڵ كەسانی یاسایی و دادوەران بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی بدۆزینەوە بۆ رێگریكردن لە زێدەڕۆیی".
وەك هەنگاوی یەكەم ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە 20%ی داهاتی شارەوانییەكان بۆ پێداویستی خۆیان خەرجبكرێت، بەڵام بەهۆی وەستانی پرۆژەكان، داهاتی شارەوانییەكانیش كەمبووەتەوە.
یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت "تاوەکو ساڵی 2012ـیش ساڵانە زیاتر لە 90 ملیۆن دۆلارمان خەرج دەکرد، کەچی ئێستا بودجەمان ئەوەندە کەمە کە 15%ی ئەو بودجەیەی پێشتریش ناکات".
بەشداربووانی پانێلەكان سیستەمی لامەركەزیان بە پێویستزانی بۆ ئەوەی دەسەڵات و داهاتی شارەكان بگەڕێتەوە بۆ یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكان و بتوانن گەشەی زیاتر بە سیمای شارەكان بدرێت.
رووداو -
