لە 33یەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا

 لە 33یەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا
بەر لە 33 ساڵ، لە هەڵمەتی ئەنفالكردنی بارزانییەكاندا، ئەفسەرێكی سوپای عێراق ناسنامەی یەكێ لە دەستگیركراوەكان دەبینێ، ئاینەكەی مەسیحیە، بۆیە دڵنیا دەبێ بارزانی نییە و بانگی یۆخەنا خۆشابا دەكات تا ئازادی بكات، بەڵام كە یۆخەنا دێتە پێشەوە، جامانەیەكی سووری لەسەر بووە، ئەفسەرەكەش پێی دەڵێ جامانەكەت فڕێ دە و بڕۆ، بەڵام ئەو ڕەتی دەكاتەوە جامانەكەی لەسەر بكاتەوە و لەگەڵ هاوڕێكانی، ڕێگەی مەرگ هەڵدەبژێرێ.

ئه‌نفالی بارزانییه‌كان كە بەفەرمانی سەدام حوسێن سەرۆكی لەسێدارەدراوی عێراق لە كۆتایی تەمووزی 1983دا دەستی پێكرد و بە 3 قۆناخ ئەنجام درا و بەكوشتن و شوێنبزركردنی زیاتر لە هەشت هەزار بارزانی لە باشووری كوردستان كۆتایی هات.

ئانۆ جەوهەر عەبدۆكە چالاكوانێكی سیاسیی كریستیانە لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر دەژی، لە هژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك باسی لە بەسەرهاتی شەهید خۆشابا كردووە، ڕووداوەكەشی لە زاری گەلیانای كوڕی شەهید خۆشابا گێڕاوەتەوە.

یۆخەنا خۆشابا ئەو پێشمەرگە كریستیانەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، كە لە كاتی هەڵمەتی ئەنفالی بارزانییەكاندا شەهید كراوە، بەڵام شەهیدبوونی ئەو هەڵگری زیاتر لە مانایەكی سادەی خەباتگێڕییە، چونكە ئەو بەبێ ئەوەی بارزانی بێت، ئامادە نەبووە ئازادی خۆی بكڕێتەوە و جامانە سوورەكەی سەری فڕێ بدات.

خۆشابا خەڵكی گوندی بێدیال بووە لە ناوچەی بارزان، ئەو گوندە زێدی ژمارەیەكی زۆری كریستیانەكان بووە و بەدرێژایی مێژوو هاوشانی كوردان بەشداری شۆڕش و خەباتیان كردووە.

ئەگەرچی ناوچەی بارزان پێش سەردەمی حزبی بەعسیش ڕووبەڕووی لەناوبردن و شەڕانگێزی دەسەڵاتەكانی عێراق بووەتەوە، بەڵام لە سەردەمی سەدامدا، لە دوای بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 و نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، هەڵمەتێكی فرەوانی كۆچی زۆرەملێ و بەكۆمەڵی بارزانییەكان دەستی پێكرد بۆ ناوچە سنوورییەكانی وڵاتی ئێران، پاش ئەم كارەساتەش، ئەو خێزانانەی لە كوردستان مابوونەوە، بەزۆرەملێ بەسواری لۆری و ئیڤا لە نزیكەی 150 گوندی ناوچەی بارزانەوە بەسەدان ئافرەت و منداڵ و پیر بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق راگوێزران.

پاش ماوەیەك رژێمی بەعس پیلانێكی تری داڕشت، ئەویش ڕێگەپێدانی بارزانییەكان بۆ گەڕانەوە كوردستان، بەو مەرجەی نەگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان، بەم شێوەیە لە چەند كۆمەڵگەیەكی زۆرەملێدا لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر نیشتەجێ كران.

بارزانییەكان لە كۆمەڵگە زۆرەملێیەكانی دەوروبەری هەولێردا بۆ ماوەی 3 ساڵ لە ژیانێكی نالەباردا لەژێر چاودێری دەزگاكانی هەواڵگری بەعسدا بوون.

لە كۆتاییەكانی مانگی تەمووز و سەرەتای مانگی ئابی 1983دا، لەسەر داوای فازڵ بەڕاك بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی لە پارێزگای هەولێر، هێزێكی گەورە بەشێوەیەكی نهێنی گەمارۆی كۆمەڵگە زۆرەملێیەكانی بارزانییەكانیان دا، ئینجا دەستیان كرد بەكۆكردنەوەی بارزانییەكان بەدوو قۆناخ، یەكەم جار لە 31\7\1983 بارزانییەكانی كۆمەڵگەكانی قودس و قادسیەیان لە قوشتەپە كۆكردنەوە، دووەم جار لە 10\8\1983 بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگەكانی حەریر لە شەقڵاوە، كۆمەڵگەی دیانا لە ڕواندز، بەحركە لە هەولێر و مێرگەسوور لە ناوچەی زێبار كۆكردەوە.

ئینجا دەست كرا بەگرتنی هەموو ئەو پیاو و كوڕە بارزانییانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ بەرەو ژوور بوون، ئەوانە ڕەوانەی كۆمەڵگەیەكی سنووری پارێزگای موسەنا كران، كە بە 45 كم لە سنووری سعودییەوە دوور بوون. تا لە سەرەتای مانگی ئابی هەمان ساڵدا لەو بیابانەی نێوان عێراق و سعودیەدا، دەست كرا بەجێبەجێكردنی حوكمی لەسێدارەدان بەسەر هەشت هەزار بارزانی.



باسنیوز-
Top