بارزانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆلینەوە لە دابەشكردنی چەك پێك هێنا

 بارزانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆلینەوە لە دابەشكردنی چەك پێك هێنا
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان؛ بڕیاری داوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی دابەشكردنی چەك و فیشەك بەسەر میحوەرەكانی شەڕدا پێكبهێنرێت.

یاوەر دووپاتی كردەوە كە بڕیاری پێكهێنانی ئەو لیژنەیە پاش ئەوە دێت كە فەرماندەی میحوەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگە سكاڵای ئەوەیان كردبوو كە چەك بە شێوەیەكی یەكسان بەسەر هێزە شەڕكەرەكانیاندا دابەش ناكرێت.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە روونی كردەوە كە هەر بەرپرس، یان فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەتوانێت سكاڵا لەمەڕ چۆنیەتی دابەشكردنی چەك و فیشەك پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە بكات تا هەنگاوی پێویستی لەبارەوە وەربگیرێت.

پێشتر ژمارەیەك لە فەرماندەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان؛ گازندەی ئەوەیان دەكرد كە یەكسانی لە نێوان میحوەرەكانی شەڕدا لە رووی دابەشكردنی چەكەوە نییە و داوایان كرد كە لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكرێت .
Top