گشتپرسی و سەربەخۆیی یەکێک لە ئەجێنداکانی نوێنەری بارزانییە
دەوڵەتی ئیسلامی کە بە چەک و جبەخانەی بەجێھێڵدراوی سوپای سووریا و عێراق شەڕی باشووری کوردستان دەکات، بەڵام لەسەر دەستی پێشمەرگە دووچاری گەورەترین شکست و پاشەکشە بوو، بە دانپێدانانی ھاوپەیمانان و نوێنەری ئۆباما لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پێشمەرگە ھێزی سەرەکییە کە لەسەر زەوی شکستی بە داعش ھێناوە.
ھەڵوەشاندنەوەی نەخشەی سایکس- پیکۆ لە نێوان سووریا و عێراق و تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر ئەو رێککەوتنە دەرفەتەکانی لە بەردەم باشووری کوردستان زیاتر رەخساند، کە ھەنگاو بەرەو سەربەخۆی بێت، بەڵام ناکۆکی و قەیرانە سیاسییەکان لە کوردستان هێشتا بەردەوامن، کە بە بەربەست لە بەردەم گشتپرسی و ھەنگاوەکانی دیکەی سەربەخۆیی دادەندرێت.
دوای رێگری لە بەشداری ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی وڵاتانی ھاوپەیمانی دژی داعش لە واشنتن، نیگەرانی کوردی زیاتر کرد، بەتایبەت لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ترسیان لە پەراوێزخستن و لە باربردنی دەرفەتەکانی لە دوای شەڕی موسڵ و کۆتاییھاتنی داعش ھەیە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەدوایین راگەیێندراویدا نیگەرانیی خۆی لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربڕی و داواشی لە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کرد یەکدەنگ بن لەبەرامبەر گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دواین ھەڤپەیڤینی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند:" سەرەڕای قەیرانە سیاسییەکان، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ھەموویان بەرامبەر سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین یەک دەنگن".
لایەنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، لە بۆنەی جیا جیادا رایانگەیاندووە، کە ئەوان گشتپرسی و سەربەخۆیی بە مافی کورد دەزانن، لە هەمانکاتدا پێیوان وایە کە دەبێت بناخەی ئابووری بەهێزتر بۆ دەوڵەت دابین بکرێت.
جگە لە پێنج لایەنە سەرەکییەکەی باشووری کوردستان و پێکھاتەی تورکمان و کریستیان و ئەرمەن و حیزبە کوردستانییەکانی دیکە پشتگریان بۆ گشتپرسی و سەربەخۆی راگەیاندووە.
لایەنەکان لە سەر گشتپرسی و سەربەخۆی کۆکن، بەڵام لە سەر میکانیزم و ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت ناکۆکن، ھەر بۆیە لە دەستپێشخەرییەکدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی راسپارد لەگەڵ لایەنەکان کۆببێتەوەو را و سەرنجیان وەربگرێت و یەک لەو پرسانەی کە لە ئەجێندای سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە پرسی گشتپرسی و سەربەخۆییە، کە بارزانی دەیەوێت لەو پرسەدا پشتگیری هەموو حیزبەکانی هەبێت.
بارزانی داواشی کردووە حیزبەکان بەبێ ئەو کۆببنەوە، ھەر بڕیارێکیش بدەن ئەو پشتگیریان دەکات.
رووداو
