بزووتنەوەی گۆڕان سەرنووسەری هەواڵ لە کەناڵی KNN لەسەر ڕادەربڕین دووردەخاتەوە

 بزووتنەوەی گۆڕان سەرنووسەری هەواڵ لە کەناڵی KNN لەسەر ڕادەربڕین دووردەخاتەوە
بەرپرسی میدیای بزووتنەوەی گۆڕان، بەرپرسی ژووری هەواڵی کەناڵی (کەی ئێن ئێن)ی سەر بە حزبەکەی لە کارەکەی دووردەخاتەوە و سەرچاوەیەکیش لەناو کەناڵەکە دەڵێت، بەهۆی ئەوەیە کە بەرپرسی ژووری هەواڵ بۆچوونی خۆی دەربڕیوە.

بەگوێرەی نووسراوی ژمارە 219 کە ئەمڕۆ شەممە 30\7\2016 لە لایە عەبدولڕەزاق شەریف، بەرپرسی میدیای گۆڕانەوە دەرکراوە ، ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی پابەندنەبوونی ڕێبوار حەمە وەیس بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی میدیای گۆڕان، بڕیاریان داوە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەبێ مووچە، لەسەر کارەکەی لە بەشی هەواڵی میدیای گۆڕان دووری بخەنەوە و دوای گەڕانەوەشی، بۆ بەشی گەنجینەی ئەنجومەنی کارگێڕیی گۆڕان بیگوازنەوە. هەڕەشەی ئەوەش کراوە کە لە ئەگەری دووبارە کردنەوەیدا میدیای گۆڕان دەستبەرداری ڕاژەکەی دەبێت.

لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا، ڕێبوار حەمە وەیس، سەرنووسەری هەواڵەکانی کەناڵی (کەی ئێن ئێن)ی بزووتنەوەی گۆڕان، تایبەت ڕایگەیاند: ”من تا ئێستا 5 ساڵە لە (کەی ئێن ئێن)م، نازانم گەنجینە لە کوێیە؟ ئەو بڕیارە بە سزای سیاسی دەزانم“. جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیارەکە کپکردنی دەنگی ئازاد و ڕەخنەگرتنە لەناو میدیای گۆڕاندا کە بە گوتەی ئەو، بزووتنەوەکە لەسەر ئەو بنەمایە دروست بووە. گوتیشی: ”ئەوان بەم جۆرە پاداشتی کارەکانیان دامەوە“.








باسنیوز
Top