یەکێتی دەبێت بە دوو بەش

 یەکێتی دەبێت بە دوو بەش
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دەبێتە دوو بەش کە بەشێکیان داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان بە چەند مەرجێک دەکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی نێو یەکێتییەوە دەست کەوتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان، بووەتە دوو بەش کە بەشێکیان لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان دان، بە مەرجێک کە ڕێککەوتنی سیاسیی تازە بکرێت و یەکێتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەربگرێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئاراستەیەکی دیکە لەناو یەکێتیدا هەیە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین کە حزبەکەیان ئەو پۆستە وەربگرێت، چونکە ناکۆکیی ناو یەکێتی قووڵ دەکاتەوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە دەست یەکێتی و کوڕی تاڵەبانییەوەیە.

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی “لەبەر هەستیاریی بابەتەکە” نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "ئەو بابەتە لەناو یەکێتی تاوتوێ دەکرێت، لەوە دەچێت لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەگەڵ نزیک بوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕێککەوتنی حزبەکان، بڕیاری لەبارەوە بدرێت".

پێشتر بەرپرسانی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایانگەیاندبوو کە بەهیچ شێوەیەک قەبوڵ ناکەن یوسف محەمەد کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی پێ درابوو، بۆ ئەو پۆستە بگەڕێتەوە، بۆیە ئێستا تەنیا بژاردەی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە بڕوای چاودێران، دانانی سەرۆکێکە بۆ پەرلەمانی کوردستان.














باسینوز
Top