هەرێمی كوردستان و كۆماری چین هەماهەنگیی نێوانیان فراوانتر دەكەن

 هەرێمی كوردستان و كۆماری چین هەماهەنگیی نێوانیان فراوانتر دەكەن
له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی چین له‌ عێراق، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی كە لە هەموو بوارێكدا هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتێكی وەك چین كە هێزێكی گەورەی ئابووری جیهانە، بكات و، سوود لە پسپۆڕی و ئەزموونە دەوڵەمەندەكەیان وەرگرێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30-7-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (چین وی چینگ) باڵیۆزی كۆماری چینی میللی لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا (چینگ) خۆشحاڵیی خۆی بە یەكەم سەردان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا نیشان دا، سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێر كرد. ئامادەییی وڵاتەكەیشی دەربڕی كە لە بوارەكانی بازرگانی، ئاوەدانكردنەوە، تەكنیكی، ڕاهێنان، مرۆیی، خوێندنی باڵا، ڕاگەیاندن و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ و كۆبوونەوە دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، باڵیۆزی كۆماری چینی میللی لە عێراق، قارەمانێتیی پێشمەرگەی بەرانبەر هێرش و مەترسییەكانی تیرۆر و لەناوبردنی پیلانەكانیان، بەرز نرخاند و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ خەڵك و پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەماهەنگیی سیاسیی نێوان هەردوولا، دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەت و باڵیۆزخانە و كۆنسووڵخانەی چینی كرد بۆ ئەو هەماهەنگیی و هاوكارییەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دەزگا پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێم هەیانە، كە هۆكارێكی سەرەكی بوون بۆ تۆكمەتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی دەربڕی كە لە هەموو بوارێكدا هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتێكی وەك چین كە هێزێكی گەورەی ئابووری جیهانە، بكات و سوود لە پسپۆڕی و ئەزموونە دەوڵەمەندەكەیان وەرگرێت.

سه‌رۆكوه‌زیران جەختی كردەوە، هەموو ئاسانكارییەك بۆ سەرمایەگوزاریی چین لە بوارەكانی وزە و ژێرخان و ڕاگەیاندن و ڕێگەوبان و بوارەكانی هەماهەنگیی سیاسی و شەڕی دژی تیرۆر دەكەن بۆ ئەوەی ئاسایشی ناوچەكە پارێزراو بێت و مەترسیی تیرۆر كە لەسەر هەموو جیهانە، لەناو ببرێت.

هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە، كە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی چین و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا لەسەر ئەو بابەتانەی لە دیدارەكەدا باس كران، گفتوگۆ و كۆبوونەوە بكەن و ڕێكاری پێویست لەمبارەیەوە بگرنە بەر.








KDP
Top