سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی چین لە عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی چین لە عێراق دەكات
ڕۆژی شەممە 30ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە چێن وێتچینگ باڵیۆزی چین لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە تان بانگلین كونسوڵی وڵاتی چین لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی وڵاتی چین ستاییشی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان كرد بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی تری عێراق و دەستخۆشی لە پێكەوەژیان و فرەیی و ئەو دەستكەوت و پێشڤەچوونانە كرد كە بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی هاتووەتە كایەوە و، وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدانی گەلی كوردستان لەشەڕی تیرۆریستاندا ستاییشی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد لە سەركردایەتییكردنی شەڕی دژی تیرۆریستان. باڵیۆزی چین ئەوەیشی خستەڕوو كە پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی زۆری هەیە و ئامادەیی چینی نیشاندا بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندیی دۆستانە و یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم لە كەرتە جیاجیاكاندا. دەستخۆشیشی لە چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم كرد و ڕایگەیاند وڵاتەكەی دەتوانێ لەبواری چاكسازی و مەشق و ڕاهێنانی كارگێڕی یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدات. لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە پێشڤەچوونە ئابوورییەكان و ئەولەوییەتە سیاسییەكانی چین كرد لە ئاستی نێودەوڵەتی و داوایشی كرد بیروبۆچوونی سەرۆك بارزانی لەبارەی ئاییندە و دواپێشهاتەكانی عێراق و شەڕی داعش بزانێت.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی باڵیۆزی وڵاتی چینی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بۆ پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا و لە وتەیەكدا باسی لە مێژووی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانە كرد كە گەلی كوردستان بەدەست حكوومەتەكانی عێراقیدا بینیویەتی و ڕایگەیاند كە لەپێناو عێراقدا گەلی كوردستان هەموو چەشنە قوربانییەكی داوە بەڵام بەشی گەلی كوردستان جینۆساید و پێشێلكردنی مافەكانی بووە.
لەبارەی ئازادكردنی موسڵ و شەڕی داعشیش سەرۆك بارزانی باسی ئەو باجە مرۆیی و قوربانیدانەی كرد كە گەلی كوردستان لەشەڕی تیرۆردا داویەتی و جەختی لەوە كردەوە كە بە حوكمی تایبەتمەندیی دیموگرافیی پارێزگای نەینەوا ئەگەر بەر لە ئازادكردنی موسڵ ڕێككەوتنێكی سیاسی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگا نەبەسترێت و ژیان و داهاتووی پێكهاتەكان گەرەنتی نەكرێت دەبێ چاوەڕیی ڕوودانی كێشە و گرفتی قووڵتر ببین.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی چۆنییەتی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ كرا.
Top