ھەڵوێستێکی سەرۆك بارزانی حزبەکان دڵخۆش دەکات

ھەڵوێستێکی سەرۆك بارزانی حزبەکان دڵخۆش دەکات
حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خۆشحاڵیی خۆیان بە هەڵوێستێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەردەبڕن و بە ”زۆر باش“ وەسفی دەکەن.

رۆژی هەینی 29ـی تەمموزی 2016، ژمارەیەک میدیای کوردستان بڵاویان کردەوە، کە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کۆبوونەوەیەکی پێنج حزبە گەورەکەی کوردستانی کردووە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان.

میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە وەڵامدا ئەو هەواڵانەیان رەت کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، کە سەرۆك بارزانی داوای کۆبوونەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی کردووە نەک تەنیا پێنج حزبەکە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسە چارەنووسسازەکانەوە.

ئەبو کاروان، ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتیی حزبی شیوعی کوردستان راگەیاند: بەبڕوای ئێمە ھەرێمی کوردستان و ئەو قەیرانانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە پێویستیی بە رێککەوتنێکی گشتگیر ھەیە، بۆیە باشتر وایە سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان بەشدار بکرێن لەو کۆبوونەوانە، کە پەیوەندی دارن بەسەرجەم ئەو کێشەو گرفتانەی لە کوردستان ھەن.

ئەبو کاروان پێیوایە پێویستە جگە لە حزبەکان، پرس و ڕا بە خەڵکی شارەزا لەسەرجەم بوارەکان بکرێ و ”دەبێت سەرجەم لایەنەکان ھەڵوێستیان بەھەند وەربیگرێت و لەم ڕوانگەویەشەوە هەڵوێستی بارزانی زۆر باشە“.
ھاوکات عەبدوڵا وەرتی، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان راگەیاند: پێشتر کۆبوونەوەی پێنج قۆلی کراوە و سەری نەگرتووە یان ئیجابی نەبووە، چونکە ناکرێت ئایندی کوردستان لەسەر پرسە چارەنوسازەکان بدرت بە پێنج حزبی سیاسی، ”ئەگەر بڕیار بێت کوردستان لەم قەیرانە سیاسییە دەربچێت، دەبێت هەموو حزبەکان بەیکەوە بڕیار بدەن".

مونا قەھوەچی، سەرۆکی لیستی پێشکەوتنی تورکمان راگەیاند: بەئەندازەی کەم و زۆری ژمارەی دەنگدەرانیان، حزبەکانی ھەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر پرسەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە و ”ناکرێت ھیچ حزبێک نادیدە بگیرێت، پێشوازی لە ھەڵوێستەکانی بارزانی دەکەین و دەبێت لەپرسە چارەنووسسازەکان ھەموو حزبەکان بەشداری پێبکرێن".








باسنیوز
Top