حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەویەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات
ئەو کۆبوونەوەیە کە دوێنێ هەینی2016 -7 -29 بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو شێوازانە ڕێک خرابوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ پاراستنی فرەچەشنیی ئایینی و نەتەوەیی لەو ناوچانەی گرووپی توندڕەوی داعش دەستی بەسەردا گرتبوون.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەك بەشێک لە شاندی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەكانی کرد، شانبەشانی نوێنەرانی ئێزیدی، ئاشووری، توركمان و باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون.
لە وتارەکانی دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ويلایەتە یەكگرتووەکان ئەنتۆنی بلنکن گوتی هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەشێکە لە "کاری سەخت و بێوچان بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی و حوکمی خۆجێی، کە دەبنە مایەی دڵنیابوون لەوەی کاتێك داعش دەبەزێنرێت، هەر بە بەزیویی بمێنێتەوە".
لە کۆبوونەوەکەدا لەژێر ناونیشانی "هەڕەشەی سەر کەمینەی ئایینی و نەتەوەیی ژێر دەستی داعش، بەیان سامی عبدالرحمن، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەريكا و ئەمیر مەولوود بەرپرسی هۆبەی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.
کۆبوونەوەکە لەلایەن باڵیۆزی تایبەتی ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتیی دێڤید ساپەرشتین و ڕاوێژکاری تایبەتی کەمینە ئاینییەکان نۆکس سامسەوە میواندارێتی کرا.
کۆبوونەوەکەی دوێنێ بەدواداچوونە بۆ کۆنفرانسەکەی پاریس کە لە ئەیلولی 2015 ساز کرا و تێیدا لایەنەکان رێک کەوتن لەسەر پلانێکی کار.
ڕۆژی پێشوو، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیان سامی ئامادەی کۆبوونەوەیەكی تر بوو بوو لەسەر هەمان بابەت لەگەڵ لایەن و ئەندامانی دەستگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە پرۆژەی ئازادیی ئایینەكان لە زانکۆی جۆرج تاون رێکی خستبوو.
باسنيوز
