یەكێتی ئەوروپا پەسنی هەرێمی كوردستان دەدات لە یارمەتیدانی ئاوارەكان
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمسیاری یەكێتی ئەورووپا بۆ كاری مرۆیی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان لە هەولێر ئەنجام دا.
كۆمسیاری یەكێتیی ئەورووپا و شاندی یاوەری ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی سوپاسی گەل و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن لە بەرامبەر ئەو پێشوازییە مرۆییەی كە لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران كراوە لە هەرێمی كوردستان. یەكێتی ئەورووپا و كۆمسیۆنی یەكێتییەكە ھاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران لەلایەن ھەرێمی كوردستانەوە بەرز دەنرخێنن.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەلاح مستەفا سوپاسی یەكێتیی ئەورووپای كرد و گوتی "بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەخێرهاتنی كۆمسیاری یەكێتی ئەورووپا بۆ كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان، كریستۆس ستیلیاندێز و شاندی یاوەری دەكەین، ئەم جۆرە سەردانانە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بارودۆخەكە ببینن و هەڵسەنگاندنێكی باش بكەن و بتوانن هاوكاریمان بكەن".
گوتیشی "زۆر باسی هەڵمەتی ئازادكردنی شاری مووسڵ دەكرێت، بەڵام ئێمە نازانین كەی دەست پێدەكات، تەنها ئەوە دەزانین ئەو كاتە خەڵكێكی زۆر ئاوارە دەبێت و دەبێت ئامادەكاری بۆ بكەین".
فەلاح مستەفا گوتی "پێشبینی دەكەین یەك ملیۆن كەس ئاوارە بێت و نیوەی بێتە هەرێمی كوردستان و لە ئێستاشدا خەرجی هەرێم بۆ ئاوارەكان مانگانە 117 ملیۆن دۆلارە و بەو پێیەش ساڵانە نزیكەی یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار پێویستە بۆ ئاوارەكان".
باسنيوز
