وەزارەتی کۆچ: گەورەترین پلانی نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی موسڵ جێبەجێ دەکەین

وەزارەتی کۆچ: گەورەترین پلانی نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی موسڵ جێبەجێ دەکەین
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پلانی نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی شاری موسڵ دەسپێدەکرێت، کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لەدەستی چەکدارانی داعش.

ئەمڕۆ ٢٩ی تەموزی ٢٠١٦ دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە کۆنفڕانسێکی هەواڵی هاوبەشدا لەگەڵ لیزا گراند ڕێکخەری نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕای نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی هاوکاریکردن و بە هاناوەچوونی مرۆیی تایبەت بە ئاوارەکانی شاری موسڵ گەورەترین پلانی مرۆیی دەبێت لە جیهاندا.

وەزیری کۆچ و کۆچبەران وتی "وەزارەت و نەتەوە یەکگرتووەکان پلانێکی هاوبەشی کارکردنیان داناوە و لە هەفتەی داهاتوەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت بۆ جێبەجێکردنی پلانی هاوکاریکردنی ئاوارەکان و پلانەکە چوار میحوەری لەخۆگرتووە.

دەرباز محەمەد ئاشکرایکرد، ئەو کۆمەکە داراییەی کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن دەوڵەتانی کۆمەکبەخشەوە پێشکەش بە عێراق کراوە، تەرخان دەکرێت بۆ کۆمەکردنی ئاوارەکان و هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی و پاشماوەکانی جەنگ لە ناوچە ئازادکراوەکان و جێبەجێکردنی پلانی نەخشەی ئابووری کە لە ماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ دەکرێت.

لەبەرامبەریشدا لیزا گراند ڕێکخەری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وتی "دەوڵەتانی کۆمەکبەخش دوو ملیار دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ هاوکاریکردنی عێراق بۆ خەرجکردنی لە بوارە مرۆییەکان و پشتیوانی لە دۆسیەی گێرانەوە و نیشتەجێکردنەوەی ئاوارەکان و پاککردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان لە پاشماوەکانی جەنگ".

ئەوە لە کاتێکدا ئەمڕۆ ٢٩ی تەموز لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا بەهۆی توندبوونەوەی پێکدادانەکان و دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ نزیکەی ملیۆنێک کەس ئاوارە دەبن.
Top