وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: هه‌وكردنی جگه‌ر له‌ كوردستان روو له‌ كه‌مییه‌

 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: هه‌وكردنی جگه‌ر له‌ كوردستان روو له‌ كه‌مییه‌
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یێندراوێكدا ده‌ڵێ ئێستا تۆماركرانی حاڵه‌ته‌كانی هه‌وكردنی ڤایرۆسیی جگه‌ر له‌ كوردستان روو له‌ كه‌مییه‌ و ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌مساڵ له‌ ساڵی 2014 و 2015 كه‌مترن، ئه‌وه‌ش بۆ پرۆسه‌كانی كوتان و پشكنینی به‌رده‌وام ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ نێوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان بۆ هاونیشتیمانییانی كوردستان و كه‌سانی بیانی و گه‌شتیاران ئه‌نجامده‌درێن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یێندراوه‌كه‌ له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ 496 حاڵه‌تی هه‌وكردنی جگه‌ر تۆماركراون، له‌كاتێكدا له‌ساڵی 2014 دا 2363 حاڵه‌ت و ساڵی 2015ش تێكڕا 941 حاڵه‌ت تۆماركرابوون..

ده‌قی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی:

هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی لە کوردستان لە کەمبونەوە دایە و ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی زیاترە
هاووڵاتییانی خۆشەویست...
ئەمساڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە دروشمی (هەوکردنی جگەر بناسە، پشکنین بکە، چارەسەر بکە)
رۆژی جیهانی هەوکردنی جگەری بەرز راگرت بەمەبەستی پێشگیری لە بڵاونەوەی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی توشبوون بە ڤایرۆسی جگەر بە رێژەی ۳۰% و کەمکردنەوەی مردن بەو هۆیە بە رێژەی ۱۰% لە چوار ساڵی داهاتوو.

ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر کە ئێستا لە جیهان ٤۰۰ ملیۆن کەس گیرۆدەی بوون و ساڵانە یەک ملێون و چوارسەد هەزار کەس دەکوژێت لە جیهان، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمی گوازراوەی ترسناکە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەگەری توشبوون بە گرفتی درێژخایەن و پەککەوتن و شێرپەنجەی جگەری هەیە لە کەسی توشبوو.
ڤایرۆسەکە لە پێنج جۆری (A,B,C,D,E) پێکدێت کە دوو جۆری (B,C) جۆرە هەرە مەترسیدارەکانیانە.

لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کارابوون و سەرکەوتوویی پڕۆگرامی نیشتیمانیی کوتان کە هەموو منداڵیک لە تەمەنی یەک هەفتەیی دا کوتانی دژی ڤایرۆسی بی وەردەگرێت و ئەو کەسانەش کە مەترسی توشبوون بە ڤایرۆسەکەیان هەیە سێ ژەم پێکوتەی دژی ڤایرۆسەکە وەردەگرن ئەمانە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی نیشتمانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەرە کە پلانی خێرا دەستنیشانکرن و هۆشیارکردنەوە و ئامۆژگاریدان و دابینکردنی چارەسەر لەخۆ دەگرێت، خۆشبەختانە تواندراوە ئاستی نەخۆشییەکە لە کوردستان لەبڵاوبونەوەی ئاست نزم رابگرن چونکە بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەو ووڵاتانەی رێژەی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە تیایاندا کەمتر لە ۲% ئەوا بە بڵاوبونەوەی نزم، وە ئەوانەی لە۲% تاوەکو ٨% بە مامناوەند و ئەو ووڵاتانەی ڕێژەی بڵاوبوونەوە زیاتر لە ٨% بە بڵاوبونەوەی ئاست بەرز ئەژمار دەکرێن.

لە کوردستان ئامارەکانی ساڵانی ڕابردوو کەمبونەوەی ژمارەی نەخۆشییەکە دەردەخەن بەجۆریک لەساڵی ۲۰۱٤ ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی جۆری بی (۲۰۱٦) حاڵەت و جۆری سی (۳٤۷) حاڵەت بووە، وە لە ساڵی ۲۰۱٥ بووە بە (۷٦۷) و (۱۷٤) حاڵەت بۆ ڤایرۆسی جۆری بی و سی هەروها لە شەش مانگی ۲۰۱٦ دا (٤٤۷) و (٤۹) حاڵەتی هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری بی و سی تۆمارکراوون.

ئێستا لە کوردستان هەموو ئەو هاووڵاتییانەی پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن، یان نەشتەرگەرییان پێویستە یان لە شوێنە گەشتیاری و گشتییەکان کاردەکەن پشکنینیان بۆ دەکرێت، هەروه‌ها سەرجەم کرێکارە بیانی و شاندکراوەکان و هەموو بوتڵێکی خوێن و ئەوکەسانەی پێویستیان بە شۆردنی گورچیلە هەیە یان نەخۆشییەکانی خوێن و جگەریان هەیە لەگەڵ ئەو کەسانەش کە پزیشک گومانی نەخۆشییەکەیان لێدەکات یان ئەندامانی خێزانی کەسی توشبوو پشکنینیان بۆ دەکرێت و ئەوانەی پێویستن ماکوتەی دژی ڤایرۆسەکەیان پێدەدرێت بۆ پاراستنیان لە توشبوون بە ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر جۆری بی.

هەروها تیمە تەندروستییەکانی چاودێری تەندروستی و پشکنین و بەدواداچوون بەردەوامن لە چاودێری شوێنەگشتییەکان بۆ ئەم مەبەستە و جەختکردنەوە لە هەبوونی ئامێرەکانی پاکژکردنەوە و پابەندبوون بە پڕۆسەکانی پاکژکردنی ئامێرە پزیشکییەکان لە کردارە پزیشکییەکان بەتایبەتی لە کلینیک و سەنتەرەکانی پزیشکی ددان و سەنتەرەکانی جوانکاری.

لە کۆتاییدا، وێڕای سوپاسمان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، داواکارین لەو دەزگایانە زیاتر رۆڵیان هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە نەخۆشییەکە و چۆنیەتی خۆپارێزی.

راگه‌یاندنی وەزارەتی تەندروستی



رووداو-
Top