پەیەدە دەست بەسەر دەرمانی هەرێمی كوردستاندا دەگرێ

پەیەدە دەست بەسەر دەرمانی هەرێمی كوردستاندا دەگرێ
برایم برۆ سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند پەیەدە دەستى بەسەر سەرجەم هاوکارییە تەندروستییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا گرتووە و لە کۆگاکانى شارى دێرکى سووریای شاردوونەتەوە.

برۆ گوتی "بەهۆى ڕێگرییەکانى پەیەدەوە، دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان کە لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە بۆ بریندارانى قامیشلو ڕەوانە کرابوو، تا ئێستە نەگەیشتوونەتە دەست برینداران، ئەوانیش لە بارودۆخێکى تەندروستى ناجێگیردان و پێویستیان بەهاناوەچوونى بەپەلە هەیە".

لەبارەى هۆکارى ڕێگرییەکانى پەیەدەوە، سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى سووریا دەڵێ "پەیەدە هەموو شتێکى بە سیاسى کردووە، لەبرى ئەوەى کارئاسانى بکەن بۆ بەهاناوەچوونى برینداران، بەربەست لەبەردەم هاوکارییەکان دروست دەکەن، دەڵێن دەبێت هەموو شتێک ئێمە بۆ برینداران دابینی بکەین، هەر شتێکیش بکرێ، دەبێ لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بێت".

هەروەها دەڵێ "ئێستە نەخۆشخانەکانى قامیشلو پێویستیان بە دەرمان و پێداویستى پزیشکى زۆرە، دەبێت پەیەدە لایەنى مرۆیى بهێنێتە بەرچاوى خۆى، تاوەکو برینداران لە مردن ڕزگار بن و ژمارەى قوربانیانى تەقینەوەکە بەرز نەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە پەیەدە ئەمانەى هیچ لەبەر چاو نەگرتووە و هەڵساوە بە موزایەدەى سیاسى".

برۆ گوتیشی "لە دوێنێوە گومان هەبوو لەوەى کە پێداویستییەکان بە ئاسانى ناگەن، چونکە دوێنێ لە دەروازەى پێشخابوور سێ سەعات زیاتر ڕێگر بوون لە پەڕینەوەى دەرمان و پێداویستییەکان بۆ بریندارانى تەقینەوەکەى دوێنێى قامیشلو".

هەروەها گوتی "جگە لەوەى ڕێگرى کرا کە دەرمان بگەیەنرێتە بریندارانى قامیشلو، ڕێگریش بوون لەوەى برینداران بپەڕنەوە هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى".





kdpmr
Top