عیرفان عەبدولعەزیز بە رابەری گشتی بزووتنەوە ھەڵبژێردایەوە
دوای کێبڕکێ لە نێوان ھەر یەک لە عیرفان عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی بۆ پۆستی رابەری گشتی بزووتنەوە، عیرفان عەبدولعەزیز بە زۆرینەی دەنگ بە رابەری گشتی بزووتنەوە ھەڵبژێردرایەوە. هاوكات كامیل حاجی عەلی 117 دەنگی بەدەستهێناوە.
عیرفان عەبدولعەزیز کێییە؟
- لە 12-12-1946 لە پارێزگای ھەڵەبجە لە بنەماڵەیەکی ئایینی ناسراو لە دایکبووە.
- قۆناخی سەرەتای لە ھەڵەبجە خوێندووە، دواتر لە قۆناخی خوێندنی ناوەندی چووەتە خوێندنی دیراساتی ئیسلامی لە ھەڵەبجە.
- لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان لە بەشداری خۆپیشاندانەکانی پارێزگای ھەڵەبجە لە دژی حکومەتی بەعس کردووە.
لە ساڵی 1983 -1984 لە کۆلێژی شەریعە لە بەغدا دەستی بەخوێندن کردووە، بەڵام بەھۆی گومانی چالاکی سیاسیی و ئیسلامی و ناکۆکی لەگەڵ یەکێتی قوتابیانی سەر بە حیزبی بەعس دووچاری دەرکردن بووە و لە خوێندن دوورخراوەتەوە و گەڕاوەتەوە ھەڵەبجە.
- لەگەڵ ھەر یەک لە شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی مامی، کە یەکەم رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، لەگەڵ باوکی عەلی عەبدولعەزیز کە فەرماندەی مەکتەبی عەسکەری ھێزی پێشمەرگەی بزووتنەوە بوو، لە ساڵی 1987 ئاوارەی رۆژھەڵاتی کوردستان و چیاکانی سەر سنوور دەبن.
- لە دوای دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی تاوەکو ساڵی 1990 عیرفان عەبدولعەزیز ئەندامی مەکتەبی عەسکەری بزووتنەوە بووە، دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێتە زانکۆی تاران بەشی زانستە سیاسییەکان. پاشان لە ساڵی ١٩٩٤ کۆلیژی شەریعە تەواو دەکات و پاشان دەست بە خوێندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
- دواتر گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان وەکو راوێژکاری شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی مامی، کە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بووە، دەستبەکاربووە.
- پاشان بووەتە بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی بزووتنەوەی ئیسلامی.
- لە ساڵی 2003 باشووری کوردستان جێدەھێڵێت و تاوەکو 2007 ناگەڕێتەوە، پاشان وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستبەکاردەبێت، لە کۆنگرەی 10 ئەو حیزبە لە ساڵی 2012 بە رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ھەڵدەبژێردرێت.
- لە رۆژی 28-7-2016 و کۆنگرەی 11ی ئەو حیزبە جارێکی دیکە بە رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ھەڵبژێردرا.
