چوار هەزار و 200 پێشمەرگە و ئەفسەر مەشقەکانیان تەواو کرد

 چوار هەزار و 200 پێشمەرگە و ئەفسەر مەشقەکانیان تەواو کرد
مەراسیمی کۆتایی دووەم قۆناخی مەشقی پێشمەرگەکانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە مەشق و راهێنانیان پێکرا و 4 هەزار و 200 پێشمەرگە و ئەفسەر مەشقەکانیان تەواو کرد.

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ مەشق و راهێنانی پێشمەرگە دەڵێت "رۆژی پێنجشەممە 28-7-2016 دوو فەوجی دیکە دەرچوون فەوجێکیان لە بنەسڵاوە ئەوەی دیکەیان لەمەنیلە لەچەمچەماڵ، ئەم دوو فەوجە پڕ چەک کران وەکو دوو فەوجی رابردوو لە لیوای یەک و لیوای دوو".

هەردوو لیوای یەک و دووی پێشمەرگە بەقۆناخ مەشقیان پێدەکرێت و پڕ چەک دەکرێن، تائێستا چوار فەوجی ئەو دوو لیوایە کە ژمارەیان 4 هەزار و 200 پێشمەرگە و ئەفسەرن مەشقەکانیان تەواو کردووە و 168 ئۆتۆمبێلی سەربازی و سەدان جۆر چەکی قورس و بچووکیان پێدراوە چوار فەوجی دیکەش لەچاوەڕوانی مەشقەکاندان".

لەم خولەی هاوپەیمانان پێشمەرگە مەشقیان لەسەر شەڕی ناوشار پێکراوەو بایەخی زیاتر بە بواری ئەندازەیی چەک و تەقەمەنی و تەندروستیش دراوە، فەرماندەکان دەیانەوێ لەسەنگەرەکانیش بەردەوامی بەهەمان ئەو مەشقانە بدەن.

عەمید رێبوار عەلی، فەرماندەی لیوای یەکی هێزی پێشمەرگە گوتی" ئەو مەشقانەش کە کردویانە فێریان دەکات چۆن لەسەنگەر خۆی بشارێتەوە و چۆن لەرووبەڕوبونەوەیا کەمترین زیانی هەبێت، بەدڵنیاییەوە ئەم مەشقانە کە لێرە تەواوبوون ئەمە کۆتایی مەشقەکانیان نییە".

هاوپەیمانان لەسەرەتای شەڕی چەکدارانی داعشەوە تائێستا مەشقییان بە 15 هەزار پێشمەرگە لەباشووری کوردستان کردووەو 465 ئەفسەریش لەوڵاتانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا مەشقییان کردووە.



رووداو -
Top