تەرمی هێمن دوای 10 رۆژ لەگەڕان لەروباری سیروان دۆزرایەوە
ئەو گەنجە، 19 ئەم مانگە لەگەڵ خێزان و منداڵەكانیدا چووەتە سەر روباری سیروان لەناوچەی گەزەڵانی باشوری دەربەندیخان، دوای ماوەیەك مەلەكردن ئاو بردوویەتیو تاوەكو ئەمڕۆ، گەڕان بەدوای تەرمەكەیدا بەردەوام بووە.
نقیب سائیب سەلام، یاریدەدەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بۆ كاروباری قەزاكان ڕاگەیاند "تەرمی هێمن ئەحمەد لە نزیك گوندی لاڵیخانی باشوری قەزای دەربەندیخان دۆزراوەتەوە".
لەئێوارەی 19ی ئەم مانگەوە، گەڕان بەدوای تەرمی هێمن دەستیپێكردووە لەلایەن تیمی غەواسی گەرمیانو دەربەندیخانو كەسوكاری ناوبراوەوە.
فەرەیدون محمود، ئامۆزای هێمن وتی "كاتژمێر پێنجی ئەمڕۆ ئاگاداركراینەوە كە تەرمێك لەنزیك كارگەیەكی چەولم لە نزیك گوندی لاڵیخان دۆزراوەتەوە، ئێمەش بەپەلە گەیشتینە شوێنەكەو لە ئێستادا تەرمەكەمان دەرهێناوە".
وتیشی "ئێمەو هەمو خزم و دۆستانمان و لایەنە حكومیەكان 10 ڕۆژە شەوو ڕۆژ بەدوای تەرمەكەیدا شوێن نەماوە نەگەڕێین، بەڵام لەلایەن شۆفێری گەڵابەیەكەوە دۆزرایەوە كە بۆ باركردنی چەولم هاتوەتە كارگەكە، دوای ئەوەی چوەتە قەزاراخ یەكێك لەگۆماوەكانی نزیك كارگەكە تەرمەكەی بینیوەو خاوەنی كارگەكەی ئاگاداركردۆتەوە".
هێمن ئەحمەد (تەمەن 33 ساڵ) خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە، كاری كڕین و فرۆشتنی زەوی دەكات لە قەزای دەربەندیخان.
نەقیب كەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەربەندیخان وتی "ماوەی 10 رۆژە تێمێكی غەواسی دەربەندیخانو سێ تیمی غەواسی گەرمیان لە گەڕاندا بووین بەشوێن تەرمەكەدا، بەڵام نەمانتوانی بیدۆزینەوە".
ناوبراو هۆكاری درەنگ دۆزینەوەی تەرمەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ئاوی سیروان بەهۆی ئەوەی زۆر بەردراوەتەوە ساردبووەو درەنگ تەرمەكەی خستۆتە سەرئاو، "پێدەچێت ئەمڕۆ تەرمەكە كەوتبێتە سەرئاو لەبەرئەوەی بەردەوام هاوڵاتیان وتیمەكان لە ناوچەكەدا لەگەڕاندابوون، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێكی زۆر گۆماو لە ناوچەكەدا دروست بوە بەهۆی ئیشكردنی كارگەكانی چەوولمەوە كە دۆزینەوەی ئاسان نەبوو".
نەقیب كەیوان وتیشی لەچەند ساڵی رابردوودا ئەمە یەكەمین حاڵەتە كە ماوەی 10 ڕۆژ تێبپەڕێت بەسەر ونبوونی تەرمێكدا.
لەڕۆژانی ڕابردووداو لەكاتی گەڕان بەدوای تەرمەكەدا، چەند جارێك ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گیرایەوەو دوو فڕۆكەی وەزارەتی ناوخۆش، هاوكاربوون بۆ ئەوەی تەرمەكە بدۆزرێتەوە.
خەندان-
