"بەدەركەوت كە تەنیا هەرێمی كوردستانە مافی توركمانەكان و پێكهاتەكانی دیكە دەپارێزێت
(مونا قاوەچی) سەرۆكی فراكسیۆنی پێشكەوتووی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئە ماوەیە بۆ توركمانەكان بەدەر كەوت كە تەنیا هەرێمی كوردستان مافی توركمانەكان و پێكهاتەكانی دیكە دەپارێزێت؛ بەتایبەتی لە بواری ئاسایشدا؛ هەر بۆیە توركمانەكانی دیكەیش كە دەكەونە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم داوا دەكەن هەرچی زووە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان."
گوتیشی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێداگری لەسەر مافی توركمانەكان و پێكهاتەكانی دیكە دەكات؛ مانەوەمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانین و داوا دەكەین هەموو توركمانەكان بە تایبەتی ئەوانەی دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم نەهێڵن و ڕازی نەبن بخرێنەوە سەر حكوومەتی عێراق؛ ئەوەتا حكوومەتی عێراق لەو ماوەیەدا جگە لە ئەشكەنجەدان و كوشتوبڕکردنی توركمانەكان، هیچی دیكەی بۆ توركمانەكان نەكردووە؛ جا ئەگەر توركمانەكان دەیانەوێت بە مافی خۆیان بگەن، باشترین بژاردە ئەوەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بمێننەوە؛ دۆخی توركمانەكانی هەرێمی كوردستان زۆر جیایە لە دۆخی توركمانەكانی عێراق، بۆیە ئەگەر ئێمە داهاتووی خۆمان لە هەرێمی كوردستان نەبینین داوا ناكەین لەگەڵ هەرێمی كوردستان بمێنینەوە. لە دواین كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، زۆر تەئكیدی لەوە كردەوە كە دەبێت مافی توركمانەكان پارێزراو بێت و توركمانەكانیش وەك گەلی كورد بە مافە ڕەواكانی خۆیان بگەن."
KDP
