سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان باكوور دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان باكوور دەكات
ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی هەڵبژێردراوی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان باكوور بە سەرۆكایەتی سەرتاج بوجاق سەرۆكی ئەو حزبە كرد و لەگەڵیاندا كۆبۆوە.
لەدیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرەی یانزەهەمی پارتی دیموكراتی كوردستان باكوور كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و ئومێدی ئەوەی خواست كۆنگرەكەیان ببێتە هەوێنی سەركەوتن لە بەرنامەكانیان و كاركردن بۆ خەباتی سیاسی و یاسایی و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و میانڕۆیی و دیموكراسی و پشتیوانیی خۆیشی بۆ خەباتی نەتەوەیی و ئاشتیانەی لایەنە كوردییەكانی توركیا دووپاتكردەوە. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی داوای یەكگرتن و لەیەكترنزیكبوونەوەی هێزە نەتەوەیی و دیموكراتەكانی باكووری كرد و داوای كرد كە پشتیوانی یەكتر بن و كاری هاوبەش و هەماهەنگیان لەگەڵ یەكتردا هەبێت. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان هەمیشە بەشێك بووە لە چارەسەر و ئاشتی دەوێت و نیگەرانیی خۆیشی لە بارودۆخی نالەباری هاووڵاتیانی كورد لە توركیا نیشاندا و وێڕای ئاماژەدان بە خەباتی ئاشتیانە بە پێویستی زانی كە كۆتایی بە خوێنڕشتنی نێوان كورد و تورك بهێنرێت چونكە ڕێگەی ڕاست تەنیا ئاشتی و پێكەوەژیانە و پێویستە هەموو لایەك خۆیان لە گرژی و توندوتیژی دوور بكەنەوە. لەبارەی بارودۆخی سیاسیی توركیاش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەدژی هەموو هەوڵێكی كۆدەتا و سەربازین بۆ لابردن و حكوومەتێكی شەرعی كە هاووڵاتیان دەنگیان پێ داوە.
لەبەرانبەردا شاندی میوان سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی سەرۆك بارزانیان كرد و ڕایەنگەیاند لەسەر پڕەنسیپە ئاشتیخواز و نەتەوەییەكانی ڕێبازی بارزانیی نەمر بەردەوام دەبن چونكە بەدیهێنەری ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوەژیانە. هەروەها سوپاسی ڕێنمای و ئامۆژگارییەكانی سەرۆك بارزانیان كرد و پێزانینیان بۆ خەمخۆریی سەرۆك بارزانی هەبوو بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە پارچەكانی تر.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هێمن هەورامی و ئەحمەد كانی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.
Top