١٠ هەزار سەرباز لە فەرەنسا بڵاوەیان پێکراوە

١٠ هەزار سەرباز لە فەرەنسا بڵاوەیان پێکراوە
وەزیری بەرگری فەڕەنسا ڕایگەیاند بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە و هاوکاریکردنی پۆلیس لە گردبوونەوە و بۆنەکاندا هەزاران سەرباز لە پاریسی پایتەخت و شارەکانی دیکەی فەڕەنسا بڵاوکراونەتەوە.

جان ئیف لودریان وەزیری بەرگری فەڕەنسا ڕایگەیاند گفتوگۆمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی فەڕەنساکردووە و بە پێویستمان زانیووە ١٠ هەزار سەرباز لە وڵاتەکەدا بڵاوبکەینەوە و سەرۆکی فەڕەنساش داوایکردووە ئەرکی پاسەوانیکردنی گردبوونەوەو بۆنە گەشتیاریەکان لە نێوان ئاسایش و سوپادا دابەشبکرێت".

وتیشی لە ئێستادا چوار هەزار سەرباز لە پاریس و شەش هەزار سەرباز لە شارەکانی دیکەی فەڕەنسا بڵاوکردووەتەوە و بە هەماهەنگی لەگەل پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانی وڵاتەکەدا کاردەکەن".

لودریان وتیشی " فەڕەنسا بڕیاریداوە بەشداری زیاتری شەڕی داعش بکات و ئەو بابەتانەیان پەسەندکردووە کە هەفتەی ڕابردوو لە واشنتۆن گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە، دوێنێش چەندین پێشنیاز خراوەتە بەردەم پەڕلەمان و ئەنجومەنی بەرگری و ئەنجومەنی ڕاوێژکاری فەڕەنسا سەبارەت بەوەی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا فەڕەنسا فڕۆکە هەڵگری چارل دیگۆل بۆ ناوچەکە بنێرێت ".

ڕاشیگەیاند "فەڕەنسا مانگی ئەیلولی داهاتوو لە ڕێگەی جێگیرکردنی فڕۆکەی ڕافال لە بنکە ئاسمانیەکانی ئوردن و ئیمارات پاڵپشتی زیاتری فڕۆکە عێراقیەکان دەکات".

بەهۆی ئەو هێرشانەی لەماوەی دوو ساڵیدا داعش لە فەرەنسا ئەنجامیداوە ئەو وڵاتە بۆ چەند مانگێکی دیکە باری نائاسای درێژکردووەتەوە و لە ڕێگای پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵی جێگیرکردنی مەنیەتی وڵاتەکە دەدات.

لەناو وڵاتانی ئەوروپادا فەرەنسا بەیەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین هێرشی تیرۆرستی تێدا ئەنجامدراوە و لە کۆتا ڕووداوی گەورەشدا بارهەڵگرێک لە شاری نیسی ئەو وڵاتە خۆیکرد بەناو کۆبوونەوەی هاوڵاتیاندا و ٨٤ کەسی کوشت.
Top