پارەی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالكراوان خەرج دەكرێت
ئەحمەد مام رەسوول، سەرۆكی لیژنەی خوێندن و تەندروستی لە وەزارەتی شەهیدان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەمساڵیش وەك ساڵانی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی بە خەرجكردنی كرێی خوێندنی وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە ساڵی خوێندنی 2016 – 2017 نیشان داوە و بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە سەرجەم ئەو قوتابیانە دەكەن كە لە ماوەی ساڵی رابڕدوو و ئەمساڵیش دەخوێنن ڕێكارە یاساییەكان بگرنەبەر و لەماوەی 15 ڕۆژدا تەواوی دۆسیەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شەهیدان بكەن تا ڕێنمایی و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەحمەد مام ڕەسوول باسی لەوەش كرد "كە ئەو خەرجییەی كرێی خوێندنی ساڵی ڕابردوو بۆ ساڵی 2015 – 2016 زیاتر لە 16 ملیار دینار بووە، پێشبینی ئەوەش دەكرێت ئەمساڵ ئەو بڕە بەرزتر بێتەوە و لە هەوڵی ئەوەش دان لەمەودوا بەهۆی ئەوەی كە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان خوێندنی ئێواران دەكەنەوە، سەرجەم وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەو زانكۆیانە بخوێنن، چونكە بڕوا پێكراوتر و خەرجیشی كەمترە."
باسنیوز
