ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیسلامی ١١ هەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت

ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیسلامی ١١ هەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت
ئەمڕۆ ٢٨ی تەموز بزووتنەوەی ئیسلامی ١١ هەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و بڕیارە ئەندامانی شورا و ڕابەری حزبەکە هەڵبژێردرێن.

لەم کۆنگرەیەدا کە لە هۆڵی کوردۆنیا لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت ٣٧٠ ئەندامی حزبەکە بەشداران و بە پێی وتەی خۆیان نزیکەی ٢٥ کەس لە ئەندامانی کۆنگرەکە بایکۆتی کۆنگرەیان کردووە.

لەم کۆنگرەیەدا ٥٦ کەس خۆیان کاندیدکردووە بۆ ئەنجوومەنی شورای حزبەکە و لەو ٥٦ کەسە تەنها ١٦ کەسیان دەردەچێت.

هاوکات لەو ٥٦ کەسە دووکەسیان بۆ پۆستی رابەڕی حزبەکە خۆیان پاڵاوتووە کە عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلین.

لەبارەی بەردەوامبوونی کۆنگرەوە بۆ ڕۆژانی تر نزار کەمال، وتەبێژی کۆنگرەی ١١هەمی بزووتنەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند "لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمڕۆ کاندیدان و پۆستەکانیان یەکلای نەبێتەوە ئەوا ڕۆژێکی دیکە بۆ کۆنگرەکە زیاد دەکرێت".
بزووتنەوەی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٧ دا لە لایەن کۆمەڵێک پیاوی ئایینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران ڕاگەیاندرا.

بزووتنەوە یەکەم حزبی سیاسی ئیسلامی چەکدارە کە لە کوردستانی عێراق دامەزراوە و بە فەرمی ڕاگەیەندراوە.

لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ بزووتنەوەی ڕاپەڕین یەکیان گرتووەتەوە کە مەلا سدیق سەرکردایەتی دەکرد و بزووتنەوەی یەکبوونیان ڕاگەیاند، بەڵام زۆری نەخایاند کە ئەم یەکبوونە بوو بە ھۆی دابەش بوونی بزووتنەوە بۆ سێ پارتی ئیسلامی.

بزووتنەوە زیاتر لە دوو حیزبی ئیسلامی دیکەی لێ درووست بووە کە حزبەکانی کۆمەڵی ئیسلامی بە سەرکردایەتی عەلی باپیر و ئەنسارولئیسلام بە سەرکردایەتی مەلا کرێکارن.





سەرچاوەكان
Top