دوای تەقینەوەکەی قامیشلۆ داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا دەکرێت
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتیی کوردستان - سووریا بە پێویستی دەزانێت، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی کوردستانی ڕۆژئاوا، پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بچنەوە شارەکانیان.
پاش تەقینەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27\7\2016ی شاری قامیشلۆ کە بەهۆیەوە 39 کەس شەهید بوون و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.
نوری بریمۆ، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان-سووریا ڕاگەیاند: “تەقینەوەکەی قامیشلۆ دەستێکی تێکدەرانەیە بۆ ئەوەی خەڵک لەو شارە بترسن، ئەو شارە چۆڵ ببێت بۆ ئەوەی عەرەب شوێنی ناوچە کوردییەکان بگرنەوە”. ڕوونیشی کردەوە کە تەنیا بە پەیەدە و یەپەگە ناتوانرێت ئاشتی و ئارامی لە کوردستانی ڕۆژئاوا سەقامگیر بکرێت، بۆیە: “دەبێت پێشمەرگەی ڕۆژئاوا دەربازی ئەو بەشەی کوردستان ببن و بیپارێزن".
بریمۆ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: “پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ئاگایان لەخۆیان نەماوە، بڕیار بە دەست ئەوان نییە، ئەگینا دۆخەکە نەدەگەیشتە ئەوەی ئێستا، بۆیە دەبێت ئەوان بیر لە شەراکەت بکەنەوە، ئەوان تا ڕۆژی دوایی دەبێت خۆیان بە ڕژێم ببەستنەوە لە کاتێکدا شەرمە 7 هەزار پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە چاوەڕوان بکات، ئەوانیش ئاوا پارێزگاری لە ڕۆژئاوا بکەن".
دوای تەقینەوەکەی ئەمڕۆ، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە دهۆک خستە ئامادەباشییەوە، بە مەبەستی فریاکەوتنی بریندارانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی قامیشلۆ.
باسنیوز
