فوئاد حوسێن لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کۆبووەوە

فوئاد حوسێن لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کۆبووەوە
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 24-7-2016 فوئاد حوسێن، بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و کۆبوونەوەکە کۆتایی هاتووە.

کاژێر 20:00 فوئاد حوسێن لە گردی زەرگەتە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کۆبووەتەوە، کۆبوونەوەکە دوو قۆڵی بووە و فوئاد حوسێن پەیامی مەسعود بارزانی گەیاندووەتە نەوشیروان مستەفا، رێگە بە هیچ دەزگایەکی راگەیاندنیش نەدراوە رووماڵی سەردانەکە بکات".

بەپێی میدیاکانی یەکێتی "لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، فوئاد حوسێن لەگەڵ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەتەوە".

فوئاد حوسێن رۆژی شەممە 23-7-2016 گەیشتووەتە سلێمانی و ئامادەکاری کردووە بۆ کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکشەممە، هەروەها بڕیارە رۆژی دووشەممە 25-7-2016 لەگەڵ محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوە.

بۆ چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و زەمینەسازی بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان، فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆدەبێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 14-7-2016 فوئاد حوسێن لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبووەوە. هەروەها رۆژی شەممە 16-7-2016 لەگەڵ سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوو قۆڵی لە هەولێر كۆبوونەوە.





رووداو
Top