نێچیرڤان بارزانی: خوالێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی، دۆستێکی گەورە و دڵسۆزی گەلی کوردستان بوو
دەقی پەیامی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبانەوە
هەواڵی کۆچی دواییی کەسایەتیی گەورەی عێراقی و دۆستی خۆشەویستمان د. ئەحمەد چەلەبی، ئێمەی لەناخەوە خەمبار کرد. بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی، گەلی خۆشەویستی عێراق و سەرکردایەتیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق و هەموو هاوکارانی لە پەرلەمانی عێراق دەکەین و هاوخەمیی خۆمان بۆ لەدەستدانی ئەو مرۆڤە خۆشەویستەی عێراق دەردەبڕین.
خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی، دۆستێکی گەورە و دڵسۆزی گەلی کوردستان بوو، هەروەها پشتیوانێکی گەورەی مافە ڕەواکانی کورد بوو. ئەو دۆستایەتییەی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی لە پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان بنەماڵەکەی لەگەڵ ڕابەری شۆڕشی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی سەرچاوەی گرتبوو، هەروەها خۆیشی دواتر پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ باوکی خوالێخۆشبووم ئیدریس بارزانی هەبوو.
گەلی کوردستان هەوڵەکانی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی لەبیر ناکات بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، لە سنووردارکردنی شەڕ و دروستبوونی ئاشتیدا و بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی بۆ یارمەتیدانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی خوالێخۆشبوو هەمیشە لە بیرەوەریی ئێمەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی خاوەن ڕۆڵێکی گەورە بوو لە یەکخستنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا لە عێراق و هەروەها جێگەی ئومێد بوو بۆ دروستبوونی ئایندەیەکی گەش و دیموکراسیانە بۆ عێراق، بە گیانی ڕێککەوتنی هەمیشەیی لەگەڵ هەمووان، بەکردەوە هانی یەکڕیزی دەدا لە عێراق. خاوەن پەیوەندییەکی بەهێز بوو لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیشی هەبوو لەگەڵ هەردوو سەرۆک کاک مەسعوود بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی.
ئەزموونی سیاسیی خوالێخۆشبوو د.ئەحمەد چەلەبی، زۆر دەوڵەمەندە بۆ دروستکردنی دیموکراسی و پێگەوەگونجان، هیوادارین هەموو لایەکمان سوود لە ئەزموونی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی وەربگرین لەپێناو پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە و لە خوای مەزن داواکارین جێگەی خوالێخۆشبوو بەهەشت بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
3/11/2015
