سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق كرد
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 3ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێم پێشوازی لە سەید عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا هەردوولا دڵگرانی و هاوخەمیی خۆیان ڕاگەیاند بەهۆی كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێكۆشەری عێراقی (ئەحمەد چەلەبی) و ڕۆڵی خوالێخۆشبوویان لە مێژووی نوێی عێراق و بەرقەراركردنی دیموكراسی و لەیەكنزیككردنەوەی لایەن و پێكهاتەكانی عێراق بەرز نرخاند.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەبەرانبەر تیرۆریستان تاوتوێ كرا. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەر دوولا جەخت لەسەر بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەنێوان هەردولا كرایەوە.
