"لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و فڕۆكه‌ نه‌ناسانه‌ ده‌كرێ كه‌ هاتبوونه‌ سنووری پێشمه‌رگه‌"

ئەندامێك لە لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێ، له‌ لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی وردداین بۆ بابەتی ئەو فڕۆكانەی لە ڕۆژئاوای كەركووكدا هێزی پێشەرگەیان بۆردومان كردبوو.

(شاخاوان عەبدوڵا) ئەندام لە لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕایگەیاند: "دیارە چەند فڕۆكەیەكی نەناسراو لە میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك چەند جارێكە دێنە سەر ئاسمانی هێزی پێشمەرگە و چەند جارێكیش بۆردومانیان كردووە. تا ئێستا سەرچاوەی فڕۆكەكان بە تەواوی نەزاندراوە، بەڵام لە بەدوواداچونی بەردەوامداین لەسەر ئەو بابەتە، قسەشمان لەگەڵ ئەمەریكاییه‌كان كردووە لەسەر ئەم فڕۆکانە، ئەوان دەڵێن فڕۆكەی ئێمە نین. لەملایشەوە دەزگای هەواڵگریی عێراق بە چڕی كار لەسەر ئەو بابەتە دەكات. بۆیە جارێ لە لێكۆڵێنەوە بەردەوامین و هەرزانیاریەكی بەڵگەدارمان دەست كەوێت بۆ ڕای گشتی دەیخەینە ڕوو."

چەند سەركردەیەكی سەربازی مەیدانی باس لەوە دەكەن كە ئەم فڕۆکانە عێراقی بن پێوەست بەم گوتانە ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێ: "ساغ نەبووەتە كە ئەو فڕۆکانە عێراقی بن، بەڵام لێكۆڵینەوەی زۆر ورد دەكەین لەو بابەتە چونكە نابێ ڕێگا بدرێت فڕۆكەی هیچ دەوڵەتێك بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بێتە ئاسانی هێزی پێشمەرگە جا چجا بۆردومانیشیان بكات."

پێشووتر (د. كەمال كەركووكی) بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك ــ دوبز ڕایگەیاند چوار جار فڕۆكەی نەناس سنووری میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكیان بۆردمان كردووە، لە ١٧و، ٢٧ و، ٢٨ـی تشرینی یەكەم و جاری چوارەم لە 1ی تشرینی دووەم. هاوپەیمانان دەڵێن هی ئێمە نین و، عێراقیش دەڵێن هێ ئێمەیش نییە! هەرچەندە جاری یەكەم لەگەڵ ئەوەی بەغدا گوتیان فڕۆكەی ئێمە نییە پاشان دەركەوت فڕۆكەی ئەوان بووە.
Top