پارتی دیموكراتی كوردستان بەنیازی بەستنی کۆنگرە و ئەنجامدانی گۆڕانکارییە
عەلی حسێن ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی دووی ئەو حزبە ڕایگەیاند “ئێمە وەک پارتی دەبوایە لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردووەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆمان کۆنگرە ببەستین، بەڵام لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیدا بەستنی کۆنگرەمان دواخست، هۆکاری دواخستنەکەش بارودۆخی ئێستەی کوردستان بوو، بەتایبەتی شەڕی داعش”. هەروەها گوتی “دواتر بڕیار بوو بە بەرنامە هەندێک گۆڕانکاری بکرێت، ئەوەش دوای بەدواداچوون لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، بەڵام دووبارە لەبەر شەڕی داعش و ئەو دۆخە سیاسییەی کوردستان، نەتوانرا ئەوەش بکرێت”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ئەوەشی گوت “پارتی بەبەردەوام پێش کۆنگرەی خۆی قۆناخ بە قۆناخ گۆڕانکاری کردووە لە لقەکان و لە نووسینگەکانی و لە حکومەتیش، بۆیە ئێمە دەرفەتمان هەبێت، هەلومەرجمان لەبار بێت و دۆخی کوردستان و بابەتی داعش بەلایەکدا بکەوێت، کۆنگرەی 14مان دەبەستین”.
دەبوایە پارتی لە سەرەتای ساڵی 2015 کۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستێت، بەڵام لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، بە کۆی دەنگ بریار درابوو کۆنگرەکە دوابخرێت. پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستە 13 کۆنگرەی ئەنجام داوە و دوا کۆنگرەی لە ساڵی 2010 بوو.
باسنیوز
