فەرماندەیەکی ئێزدی: داوا لە پەکەکە و یەپەگە دەکەین یەخەمان بەردەن
بەپێی سەرچاوەی زانیاریەکان وا بڕیاربووە لە چەند رۆژی رابردوودا، ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کۆنتڕۆڵی ناوەڕاستی سەنتەری قەزای شەنگال بکەنەوە، بەڵام ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و ھێزەکانی پاراستنی ژنان YPG، بە جوڵەپێکردنی ھێزەکانیان و جێبەجێنەکردنی نەخشەڕێگەی ھێرشەکە، گرفتیان بۆ ئەو ھێرشەی ھێزی پێشمەرگە کوردستان دروست کردووە و تەواوی پلانەکەیان بۆ داعش بەدەستەوە داوە، بەوەش چەکدارەکانی داعش دەستیان بە مینڕێژکردنی ئەو خەتانە کردووە کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەنیاز بوون لێیەوە پێشڕەوی بکەن.
عەمید سمێ بۆسەڵی فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ھێزەکانی پەکەکە و ئەو گرووپانەی سەر بەو ھێزەن، بۆ جارێکی دیکە نەیانھێشت شنگال ئازاد بێت.
گوتیشی: “دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتەواوی ئامادەی پێشڕەوی بوو بۆ ئازادکردنی شنگال و نەخشەڕێگەی تەواوی دانا، بەڵام ھێزەکانی پەکەکە و گرووپەکانی، دەستیان بە جموجۆڵ کرد لە دەرەوەی نەخشەکە و بەرنامەی داڕێژراوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەوەش تەواوی پلانەکەیان دا بەدەستەوە”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، بەو ھۆیانەوە، داعش ئەو ھێڵانەی پێشڕەویی پێشمەرگەی بەتەواوی چەکدارەکانی لێ کشاندووەتەوە و مینڕێژی کردوون، بەوەش پلانی ئازادکردنەوەی شەنگال بۆ کاتێکی نادیار دواکەوتووە.
لای خۆیەوەش قاسم شەشۆ فەرماندەی پێشمەرگەکانی کوردانی ئێزیدخان لە قەزای شەنگال کە لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠٠ پێشمەرگەی ئێزیدی لە کاتی ھاتنی داعش لە شاخی شەنگال مایەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، بەداخەوە پەکەکە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم ئازادکردنەوەی شنگال و ئەوە دوو سێ جارە کە بەنیازی گرتنەوەی سەنتەری قەزاکەن، ھێزەکانی پەکەکە دەبنە رێگر لەبەردەم ھێرشەکانی ئەوان، شەشۆ گوتیشی: “بیانووی ئەوان ئەوەیە کە پێشتر ئەوان مجەمەعی خاڵی سووریان گرتووەتەوە، لەکاتێکدا ئەوان لەو ناوچەیەی کە باسم کرد یەک تەقەیان نەکردووە”.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەو کارەی پەکەکە و یەپەگە لە شنگال دەیکەن، زیانێکی زۆری بە خەڵکانی ئێزیدی گەیاندووە و تەواو پەست و بێزارن، گوتی: “ئێرە وڵاتی ئەوان نییە و ئێمە کاتی خۆشی نەمانگوتووە ئێوە وەرن بۆ یارمەتیدانمان، ئەوەی ئێستا ئەوان دەیکەن تەنیا تەخریبە، بۆیە داوامان ئەوەیە بەزووترین کات ناوچەکە چۆڵ بکەن”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ھەرکاتێک فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەگاتە فەرماندەکانی پێشمەرگە بۆ ئازادکردنەوەی شنگال، ئەوان دەست بە کاری تێکدان و دەستوەردان دەکەن و رێگە بە ئازادکردنەوەی شنگال نادەن.
گوتی: “کێشەیەکی گەورەی شنگال ئەوەیە ئەو راگەیاندنانەی پەکەکە درۆ بۆ خەڵکی دەکەن و خۆیان بە شێوەی دیکە نیشانی خەڵک دەدەن، لە راستیشدا بوون بە بەڵا بۆ خەڵکی شنگال و ئێزیدییەکان”.
راشی گەیاند، ئەوان (کە مەبەستی پەکەکە)یە دەیانەوێ وا نیشانی خەڵکی کوردستان بدەن کە شنگال ئەوان دەیگرنەوە، گوتی: “ئەگەر وایە بۆچی بێ پێشمەرگە ناتوانن بستێک بچنە پێشەوە؟ ئەی بۆچی ناڕۆن بیگرن؟”.
لای خۆیەوەش مەحما خەلیل قائیمقامی ھەڵبژێردراوی شنگال گەیاند، زۆر بەداخەوە بۆ ئەو ئاستەنگەی بۆ جارێکی دیکە پەکەکە ھات رێگریی لەبەردەم ئازادکردنەوەی شنگال دروست کرد.
گوتی: “دۆسیەی شنگال لە بابەتێکی مرۆیی و ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتمانیەوە، پەکەکە کردویەتییە بابەتێکی موزایەدەی سیاسی”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ھەر حزب و لایەنێک بەو شێوەیە منەت بەسەر خەڵکی شنگالدا بکات کە پێشتر یارمەتییەکی داون، ئەوە ئەوان قبوڵی ناکەن، گووتی “ئێستا پێشمەرگە ئیمکانیەتی گرتنەوەی ھەیە و پێویستە ئەو ھێزە چیتر نەبێت بە رێگر لەبەردەم ئازادیی ئەو خەڵکە، چونکە ئەو ھێزە لە بنەڕەتەوە سەر بە پارچەیەکی تری کوردستانن و مەیدانی خەباتیان ئێرە نییە، ھەروەھا ھێزێکن لە دەرەوەی کۆنترۆلێ ھێزی پێشمەرگە و لەو ناوچەی ھەماھەنگیشیان لەگەڵ ھبێزەکانی ھاوپەیمانان نییە”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، دەبوو ھەر وەک چۆن ھێزی پێشمەرگە دوای ئازادکردنی کۆبانێ رێزی لە خەڵکەکەی نا، ئەوانیش بەو شێوەیە مامەڵەیان بکردایە، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەو شێوەیە ئەوان مامەڵە لەگەڵ شنگال دەکەن، گوتی: “داواکارین رێز لە خەڵکی شنگال بگرن و رێگە بدەن ئێزیدیەکان و پێشمەرگە خاکەکەی کە ھێشتا ٤٠%ی لەبەردەستی داعشە، رزگار بکرێتەوە”.
بەڵام دوێنێ شێخ داود جندی فەرماندەی یەکێتی لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی (SNN) ئەوەی ئاشکرا کردووە، دەبوو سەعات شەشی بەیانیی دوێنێ ھێرش بکرایەتە سەر شەنگال، بەڵام بەھۆی چەند بیانوویەکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەو بڕیارە ھەڵوەشێندراوەتەوە و ھێرشەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا”.
ھەوڵی دا فەرماندەکانی PKK و YPG و گرووپەکانی دیکەی پەکەکە لە ناوچەکە وەربگرێ، بەڵام ژمارەکانیان بەردەست نەبوون.
باسنیوز
