ههرێمی كوردستان ساڵانه زیاتر له یهك ملیار دۆلار بۆ ئاوارهكان خهرج دهكات
جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د.دیندار زێباری لە هەڤپەیڤینێكدا ئاشكرای دەكات ژمارەی ئەو ئاوارە عێراقییانەی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە روویان كردووەتە هەرێمی كوردستان دوو ملیۆن كەسیان تێپەڕاندووە.
لەوبارەیەوە زێباری رایگەیاند: "ئێمە دوو جۆرە ئامارمان هەیە، ئامارێكیان هی نووسینگەی هەرێمی كوردستانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقە كە باس لەوە دەكات لەسەرەتای ساڵی 2014ەوە 286 هەزار خێزان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە هەرێم نیشتەجێ بوون، ئاماری دووەمیش هی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی"IOM"ە، ئەو ئامارەش روونی دەكاتەوە زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار كەس لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، لەبیریشمان نەچێت پێش ساڵی 2014ش نزیكەی 40 هەزار خێزانی دیكەمان هەبوو كە پێشتر و لە دوای رووداوەكانی ساڵی 2005ەوە روویان كردووەتە هەرێم، ئەوە سەرباری پەنابەرانی رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵاتیش".
زێباری لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی روونكردەوە كە ژمارەكانی لای ئەوان زیاترن لەوەی تۆماركراون، گوتیشی: "پێشبینی دەكەین ژمارەی ئاوارەكان لە دوو ملیۆن كەس تێیپەڕاندووە، هەرچی ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاوایە ئەوا بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان 250 هەزار كەس دەبن".
زێباری گوتیشی: "رۆژانە زیاتر لە پێنج سەد كەس لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە دێنە هەرێمی كوردستان و بەدوای پەناگەیەكی ئارامدا دەگەڕێن".
لەكۆتایی قسەكانیدا زێباری راستەوخۆ رەخنەی لە لایەنی نێودەوڵەتی كرد كە زۆر جار رەخنە لە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران دەگرن، بێ ئەوەی ئامادەبن هیچ پارەیەك بۆ پێداویستییەكانی ئەوان راستەوخۆ بدەن بە هەرێمی كوردستان.
AA
