لیڤاسان رێنیشاندەری دەوڵەتی هاوچەرخ بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش جێی بایەخە
تۆماس شوارتز هەروەها گوتی: دروستبوونی دەوڵەت لە جەوهەردا مرۆڤی لە جەنگە ئایینییە ناوخۆییەكان دوورخستەوە كە ئەوروپا پێوەی دەیناڵاند، ئەمەش ماوەیەكی دوور و درێژی پێچوو، ئەویش پاش چاكسازی، هەروەها دوای ناكۆكی پرۆتستانەكان لەگەڵ كەنیسەی كاسۆلیكی. پێوەندی هەموو ئەمانە بە ئەمڕۆوە ئەوەیە كە لە ناو ئیسلامیشدا ناكۆكی هەیە لە نێوان شیعە و سوننەكان و ناكۆكییە نەژادییەكانی دیكە. بۆیە دروستبوونی دەوڵەتی نوێ لە ناوچەكەدا رەنگە ببێتە هۆی دامركاندنەوەی ئەو ناكۆكییە ئایینییە لە ناوچەكەدا.
شايانى باسه شوارتز هەروەها گوتی: ئەمریكییەكان تا رادەیەك ئازادییەكیان هەبوو لە ژێردەستی بەریتانیا، بەڵام لە كۆتاییدا هەستیان كرد بەریتانیا بەرژەوەندییەكانیان لەبەرچاو ناگرێت و سیاسەتی خۆی دەكات. پێموایە مەسەلەی سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ناسنامەی نیشتمانی خۆت هەیە یان نا، پێموایە لەو حاڵەتەی باستكرد، هەرچەندە دەسەڵاتی بەریتانی زۆر زاڵمیش نەبوو، بەڵام هێشتا ئەمریكی و هیندییەكان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دەویست. پێموایە كێشەی كوردەكان ئەوەیە لە ناوچەیەكی زۆر مەترسیداردان و دراوسێی زۆر خراپیان هەیە، بۆیە لە ئەمریكیەكان ناچن و پێموایە سەربەخۆییان زۆر قورس بێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا تۆماس گوتی: هێشتا زۆر لە مێژوونووسان مشتومڕیان لەسەر ئەم بابەتە هەیە. پێموایە بێگومان ئەوەی یارمەتیدەری چەسپاندنی لیبڕاڵ دیموكراسی دا، بوونی بووژانەوەیەكی زۆر بەربڵاوی خەڵك بوو كە بێهیوا و تووڕە نەبوون. خەڵكی بێهیوا و هەژار ناتوانن دیموكراسی دروست بكەن، دەبێت ئاستێك لە بووژانەوە و چینی ناوەند هەبێت و خەڵكانێك هەبن كە راددەیەك سەربەخۆ بن، ئەمەش دەبێتە فاكتەر بۆ دیموكراسی. هەروەها بەرفراوانبوونی خوێندەواری بە دڵنیاییەوە بەشدارە لە دروستبوونی دیموكراسی و لیبڕاڵ دیموكراسیدا، واتە ئەمە پێویستی بە خوێندەواری و ئاستێك لە بووژانەوە و دەوڵەمەندی هەیە. بەدڵنیاییەوە، خوێندەواری و ئاستێك لە بووژانەوە و گەشەی ئابووری مەسەلەی سەرەكین بۆ چەسپاندنی دیموكراسی لیبڕاڵی لە دەوڵەتە دیموكراسییەكاندا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1048)
