"پارتی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا ئه‌م پۆستانه‌ی ویستووه‌..داوای مافی كه‌سیشی نه‌كردووه‌"

به‌رپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵه‌بجە دەڵێت، ئێمە لە حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەڵه‌بجە، داوای مافی کەسمان نەکردووە بۆ خۆمان؛ تەنها داوای مافی خۆمانمان کردووە؛ جا ئەگەر لە پۆستی قایمقام و چوار کورسیی ئەنجومەنی پارێزگا كه‌مترمان بۆ دیاری بكەن، ئه‌وا ناچینه‌ نێو حكوومه‌ته‌ خۆجێییه‌كه‌وه‌.

(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی ١٢ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵه‌بجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان داوەتە بەردێ، نە خۆیان پێیان ھەڵدەگیرێت و، نە دەیشهێڵن کەسی تر ھەڵیبگرێت؛ ئەوان ھاتوون لە جیاتی ئێمە بڕیاریان داوە و، بە ئارەزووی خۆیان پۆستەکانیان دابەش کردووە، کەچی لە ناو خۆیشیاندا ناتوانن پێکهاتەکە دروست بکەن."

(فازڵ بەشارەتی) گوتیشی پۆستی قایمقام و چوار کورسیی پارێزگا مافی ئێمەیە، کەچی پۆستی قایمقامەتی نادەن پێمان و، چوار کورسییەکەیشیان کردووە بە سێ کورسی! ماوەیەک لەمەوبەر چووینە لای پارێزگار و، لەوێ داوای ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگایان لێمان کرد، بەڵام ئێمە پێمان گوتن تاوەکو بەو شێوەیە بێت، ئێمە ڕازی نابین و، پۆست وەرناگرین.
گوتیشی، داوامان کرد ئەگەر چوار کورسییەکەمان پێ بدەن لەگەڵ سەرکردایەتیی خۆمان گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی بەشدار بین، بەڵام بڕیاری کۆتاییمان نەداوە.
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە ڕاشیگەیاند: "ئێمە داوای مافی ھیچ لایەنێکمان نەکردووە و، هەر داوای مافی خۆمانمان کردووە، بەڵام ئەوان لەبەر خۆیان حیساب بۆ کۆبوونەوە و ھاوبەشی ناکەن."
جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئەوان پێیان خۆشە ئێمە بەشدار نەبین، با پۆستەکان پڕ بکەنەوە و، ئێمە بەشداری ناکەین، بەڵام با کەسیش بە ناڕەوا ئەو ھەموو گلەیی و گازندەیەمان لێ نەکات کە بۆچی سنوورەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە و ناکرێتەوە! مادامەکینێ ئێمە بەشدار نەبین لە حکوومەتە خۆجێییەکەی هەڵەبجەدا، بەرپرسیاریش نین لە کێشەوگرفتی ئەوێ."
Top