ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خشتەی نوێی مووچە و پارەی جووتیاران تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خشتەی نوێی مووچە و پارەی جووتیاران تاوتوێ دەکات
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ دیاریکردنی ویلایەتی سێ سەرۆکاتییەکە( کۆمار، حکومەت و پەرلەمان) دەکات و گفتوگۆش لەبارەی خشتەی نوێی مووچە و پارەی جووتیاران دەکات.

بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارەی 33 ی ئەمڕۆ شەممە 31 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2015 ی پەرلەمانی عێراق بەمشێوەیە:

یەکەم: دەنگدان لەسەر رێککەوتنی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و بیلاڕووسیا.

دووەم: دەنگدان لەسەر یاسای رێککەوتنی هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بۆ هاتووچۆکردن لە نێوان عێراق و ئازەربایجان.

سێیەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای رێککەوتنی ئابووری و تەکنیکی نێوان عێراق و کوەیت.

چوارەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوونی عێراق بۆ نێو رێککەوتننامەی رێگەگرتن لە پیسبوونی ژینگە لەڕێگەی کەشتییەوە.

پێنجەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی.

شەشەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای دیاریکردنی ماوەی ویلایەتی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە.

حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم لەبارەی پڕۆژەیاسای قەرزی ژاپۆن بۆ عێراق.

هەشتەم: گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی تێکەڵکردنی وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیریدا.

نۆیەم: گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی ئاوی سوێری پارێزگای بەسرە.

دەیەم: گفتوگۆکردن لەسەر پرسی خەرجکردنی پارەی جووتیاران.

یازدەم: گفتوگۆکردنی لەسەر خشتەی نوێی مووچە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، دەبووایە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجام بدرابا، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان بەهۆی لافاوەوە دانیشتنەکەی بۆ رۆژی شەممە، واتە ئەمڕۆ دواخست.

ئەوکات عیماد خەفاجی، گوتەبێژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت و بۆ رۆژی شەممە دوابخرێت.

گوتەبێژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بارانێکی بەخووڕ باریوە و بەهۆیەوە رێگاکان گیراون و پەرلەمانتاران ناتوانن بگەنە باڵەخانەی پەرلەمان.












رووداو
Top