وەزارەتی پەروەردە راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی پەروەردە راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سێ نمرەی پۆلی دوازدەی ئامادەیی راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە "پێدانی سێ نمرە بەو قوتابیانەی پۆلی دوانزەیەم کە ساڵەکەیان بە نەکەوتن بۆ هەژمارکراوە و لە بنەڕەتدا وەزارەتی (خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی) بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەیدات، پێمان باشە ئەگەر قوتابیانی ساڵی دووەم 21 نمرە وەربگرن، لەهەمان کاتدا با قوتابیانی ساڵی یەکەم بە کەمێک جیاوازییەوە زیاتر وەربگرن".

لە بەشێکی دیکەی رایگەیێندراوکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئێمە ئەرکی سەرشانی خۆمان پێش کۆتاییهاتنی ماوەی کرانەوەی (زانکۆلاین) جێبەجێ دەکەین و ناوی قوتابیانی ساڵی یەکەم و دووەم بە هەردوو خوولەکانیانەوە و ناوی ئەو قوتابیانەی بە دوو ساڵ زیاتر دەرچوون، پێشکەش بە وەزارەتی (خوێندنی باڵا) دەکەین، هەرچەندە پێشتریش و لە رێکەوتی 30-9-2015 بە گشتی (بێ جیاکردنەوە) ناوەکانمان ڕادەستی ئەو وەزارەتە کردووە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە ئەم بابەتە لە لایەن ئەوانەوە دوودڵی پێوە دیار بوو". ئەگەر ماوەكە درێژنەكرێتەوە كۆتایی ئەم هەفتەیە زانكۆلاین دادەخرێت.

ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی، لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ساڵەکانی دەرچوون 3 نمرە دەبەخشێتە دەرچووانی پۆلی 12 ی ئامادەیی.

رۆژی 26-10-2015، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی لە روونیکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەرکی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ وەزارەتەکەمانی دیاری بکات ئایا دەرچووانی پۆلی 12 ی ئامادەیی، کام دەرچووە کە بە ساڵی یەکەم، یاخود ساڵی دوەم پۆلی 12ی ئامادەییان تەواوکردوە.

هەروەها روونیکردەوە "لە ماوەی رابردوودا چەندجارێک وەزارەتەکەمان داوای لە وەزارەتی پەوەردە کردووە، ئەو جیاکردنەوەیەمان بۆ جێبەجێ بکات و رەوانەی وەزارەتەکەمانی بکات، بەڵام وەزارەتی پەروەردە پێی راگەیاندووین کە ناتوانن ئەو پڕۆسەی جیاکارییە جیبەجێ بکەن، بۆیە بەهۆی ئەوەی وەزارەتی پەروەردە نەیتوانیوە ئەو پڕۆسەیە جێبەجێ بکات، لەبەرئەوە ناتوانرێت بەهەمان شێوەی دەرچووانی ساڵی یەکەم و خولی یەکەم (3%) نمرە بدرێت بەو دەرچووانەی کە بۆ ماوەی 2 ساڵ لە پۆلی 12 ماونەتەوە، واتە لە ساڵەکانی خوێندنی (2013-2014) و (2014- 2015) لە قۆناغی 12 ئامادەیی خوێندکار بوون".

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی گوتیشی "داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەین لە زوترین کاتدا پڕۆسەی جیاکردنەوەکەمان بۆ ئەنجام بدات و, رەوانەی وەزارەتەکەمانی بکات تا بزانین 3 نمرەکە بدەین بە کام لە دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی".








رووداو
Top