پاریس لهبواری ئاوهدانی و تهكنۆلۆژیا و ژینگه یارمهتی ههولێر دهدات
ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ـی ١٠ـی ٢٠١٥ لە شاری هەولێر، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەریمی کوردستان پێشوازیی لە خاتوو (ئان هیدلگۆ) سەرۆکی شارەوانیی پاریس و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی شارەوانیی پاریس پاڵپشتیی تەواوی خۆی و هاوشارییانی پاریسی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئاگاداری بارودۆخ و تەحەدییاتی بەردەم هەرێمی کوردستانن و پشتیوانی پێشکەوتن و بووژانەوەی هەرێمی کوردستانن. سەرۆکی شارەوانیی پاریس ئەوەیشی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند کە شاری پاریس لە بواری ئاوەدانی و تەکنۆلۆژیا و ژینگە، یارمەتیی شاری هەولێر دەدات و کار بۆ پێشخستنی پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو شارە دەکات.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە پشتیوانی خەڵکی کوردستانن و لەکاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە و پێشوازیی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو شاری هەولێر و پاریس کرد. هەروەها بە ستاییشەوە باسی لە دۆستی گەلی کورد مادام میتران کرد کە پاڵپشتێکی گەورەی گەلی کوردستان بووە و پێزانینیشی بۆ سەردانی سەرۆک هۆلاند بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەکاتی شەڕ و تەنگانەدا سەردانی هەولێری کرد و ئەو سەردانە ئاماژەیەک بوو بۆ پەیوەندیی قووڵی هەردوو گەلی کوردستان و فەڕەنسا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە مەترسییەکانی تیرۆر بۆ سەر ئاساییشی جیهانی کرا و هەردوولا ئەوەیان دووپات کردەوە کە تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموولایەکە و پێویستە بە جیدی و هەوڵی هەموولایەک کار بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و بیری توندڕۆیی بکرێت. هەر لە دیدارەکەدا باس لە قەیرانی ئاوارە و پەنابەران کرا و ڕێگەکانی چارەکردنی ئەو کێشەیە تاوتوێ کرا.
جێی ئاماژەیە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ئالێن جیرات کونسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی دیدارەکە بوون.
