دانیمارك له كوردستانهوه داتای ئاوارهكانی وهرگرت
)كرمانج عوسمان) ڕاویژكاری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك پرۆگرامێكی هەیە بۆ هاریكاریی مرۆیی هاوشێوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و وڵاتانی پێشكەوتووی دیکە، لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی كوردستان پێشوازیمان لە بەڕیز (سێرجیۆ گارسیا ئاركۆس) بەڕێوەبەری پرۆگرامی وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك كرد."
ئەم ڕاویژكارەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕوونی كردەوە كە "ئەم شاندە بۆ ئەوە هاتبوون گرینگییەکی زیاتر بە پرسی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بدەن. لەبەر ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا وەزارەتی كۆچوكۆچبەرانمان نییە، بۆیە كەیسی ئاوارەكان هەندێك پەرشوبڵاوە و لە چەند لایەكەوە كار لەسەر پرسەكە دەكرێت. بۆیە ئەم بەرپرسەی پرۆگرامی وەزارەتی دەرەوەی دانیماركیش بۆ ئەوە هاتبوو كە زانیاری و داتای ورد لەبارەی ئاوارەكانی هەرێم و دەستەكەمانەوە وەربگرێت، ئێمەش كۆمەڵێك ئاماری وردمان پێ دان بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن."
گوتیشی: "ئەم بەرپرسەی دانیمارك زۆر لای گرنگ بوو كە هەرێمی كوردستان بەو شێوە باشە ئاوڕی لە پرسی ئاوارەكان داوەتەوە و هاریكارییان دەكات. پێی وا بوو ڕەوشی ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان لە ڕەوشی زۆربەی ئاوارانەکانی نیشتەجێی وڵاتانی تر باشترە. زۆر ستاییشی هەریمی كوردستانیان كرد كە بەو شێوەیە بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی خزمەت بە ئاوارەكان دەكات. باسی لەوە كرد كە ئەوان ئاگاداری ئەوەن هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە ئابلوقەی داراییی خراوەتە سەر، هەربۆیەش ڕوویان لە هەرێم كردووە و دەیانەوێت بەشداری لە یارمەتیدانی ئاوارەكان بكەن و پرۆگرامی خۆیان پێشكەش بكەن. "
ئاماژەیشی دا كە "وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك بڕە پارەیەکی تەرخان كردووە بۆ یارمەتیدانی مرۆیی، بۆیە ئەم شاندەیە هاتبوو داتاكان كۆ بكاتەوە و شێوازی یارمەتیدانەکە دیاری بكەن كە بەو شێوەی ئاوارەكان پێویستیانە هاوكاریان بكەن، لە هەركوێیەك كەمووكوری هەبێت ئەوان هەوڵی پركردنەوەی دەدەن."
