ئەندام پەرلەمانێك: پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر قوربانی دا لە بەخشینی پۆستەكان بۆ ئەوەی نێوماڵی كورد یەك بێت
لە دەستپێكەوە كە پارتی رێككەوتنی سیاسیی لەگەڵ گۆڕاندا كرد، زۆر قوربانی دا لە بەخشینی پۆستەكان بۆ ئەوەی نێوماڵی كورد یەك بێت، بەڵام بەداخەوە دوای پیلانەكانی تاقمەكەی (نەوشیروان)، پارتی گەییشتە ئەو بڕوایەی ئیتر بە هیچ شێوەیەك سازان و رێككەوتنی سیاسی و گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان كەڵكی نییە، چونكە ئەم تاقمەی (نەوشیروان) لە بنەڕەتەوە كار بۆ دژایەتیكردنی پارتی دەكەن.
ئەوان ویستیان ئاژاوەكان بگوازنەوە بۆ شاری هەولێر، بەڵام پارتی زۆر حەكیمانە مامەڵەی كرد و شكستی پێ هێنان، كەچی وەک (عەرەفات كەرەم) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەو تاقمە دەیانەوێت ئەمجارە لە بەغدا كێشە بۆ كورد دروست بكەن، "وەلێ لە راستیدا لە بەغدایش هەر لاوازن و هیچیان پێ ناكرێت و شكست دەخۆن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران روونی كردەوە كە "پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە لای گۆڕانە، لە بنەڕەتدا ئیستحقاقی پارتی بووە و، (سەرۆك بارزانی) ئەم پۆستەی پێ بەخشین بۆ ئەوەی نێوماڵی كورد یەك بخات، بەڵام دوای ڕووداوەكان ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو پۆستەیان لێ وەربگرینەوە. ئەم هێرشانەی گۆڕانیش بۆ سەر ئەو شاندەی حكوومەتی هەرێم كە بڕیارە سەردانی بەغدا بكات، هیچ لە شاندەكە كەم ناكاتەوە، چونكە لە رووی دەستووری و یاساییشەوە بەغدا مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت دەكات كە سەرۆكایەتیی شاندەكە دەكات، بۆیە هەرچی بڵێن و بیكەن ناتوانن بە مەرامەكانیان بگەن، چونكە بەغدا زیاتر پێویستی بە هاوكاریی هەرێمە وەك ئەوەی هەرێم پێویستی بە بەغدا بێت."
(عەرەفات كەرەم) جەختی كردەوە: "ئەم هەوڵانەی گۆڕان لە بەغدا شكستیان خواردووە، چونكە لە هەرێمی كوردستان پیلانەكەیان شكستی خوارد و هیچیان پێ نەكرا و، لە بەغدایش هیچیان پێ ناكرێت. ئەم قسانەیشی بەرپرسانی گۆڕان لە بەغدا دەیكەن، تەنیا موزایەدەی سیاسییە، هەندێك پەرلەمانتاریشیان لە ئێستاوە خۆیان ئامادە دەكەن تا بەو موزایەدانە دەنگ بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە و، دووبارە ببنەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران."
دەشڵێت: "ئەم هەوڵانەی گۆڕان لە بەغدا لە ماستاوكردنەوە بۆ دژبەرانی كورد زیاتر، هیچی دیكە نییە، نازانم كە ئەم كارانە دەكەن، دەیانەوێت دڵی كێ رازی بكەن! ئاخر بەم كارەیان زیانبار دەبن و دواتر مێژوویش نەفرەتیان لێ دەكات."
-KDP.info
