ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆی بارمتە ئازادکراوەکانی ئۆپراسیۆنەکەی حەویجەی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆی بارمتە ئازادکراوەکانی ئۆپراسیۆنەکەی حەویجەی بڵاوکردەوە
دوای ئه‌وه‌ی زانیاریی ته‌واو ھه‌بوو که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر دیل و گیراو له‌ زیندانێکی تیرۆریستانی داعشدا له‌ نزیک حه‌ویجه‌ گلدراون،

شەوی پێنجشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەم به‌ پاڵپشتی ھێزی ھاوپه‌یمانان، ھێزێکی دژه‌ تیرۆری سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی تایبه‌تدا گه‌یشتنه‌ ناو قوڵایی سنووری ژێر ده‌سه‌ڵاتی تیرۆریستان و توانیان ده‌ست به‌ سه‌ر زیندانی سه‌ره‌کیی داعشدا بگرن که‌ ده‌که‌وێته‌ حه‌وت کیلۆمه‌تریی باکوری حه‌وێجه‌. ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ ئامانجه‌که‌ی پێکا و خۆشبه‌ختانه‌ توانرا ٦٩ ھاولاتیی زیندانیکراو ئازاد بکرێن


ئەو كەسانەی لە زیندانێكی داعش لە حەویجە لەلایەن هێزە ئەمریكییەكان و هێزی پێشمەرگە رزگاركران باسی نەهامەتییەكانیان لەو زیندانە دەكەن.

ئەوان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بۆ یەکەمجار لە رووداو بڵاودەکرێتەوە باسی گرتن ئەشکەنجەدان و رزگارکردنیان لەو گرتووخانەیە دەکەن.

وەكو لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەكەوێت زیندانییەكانی حەویجە دوای رزگارکردنیان زۆر دڵخۆشن و تەوقە لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆر دەکەن و بە دڵخۆشییەوە ماچیان دەكەن.

ئەوان لەو گرتە ڤیدیۆییەدا زانیاری نوێ لەبارەی شێوازی ئەشكەنجەدانیان لەلایەن داعشەوە ئاشکرا دەکەن و هەریەکەیان بەجیا باسی نەهامەتییەکانی دەکات.

گوتەی بەشێک لە زیندانییە رزگارکراوەکانی حەویجە:

محەممەد حەسەن عەبدوڵڵا خەڵكی پارێزگای حەویجە، گوندی ئەلخانو پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی حەویجە: ئەوان جۆرەها ئەشكەنجەیان دەداین وەكو كارەبا، بەستنی كیسی نایلۆن لەسەرمان تاوەكو گیان دەردەچوو، دواتر بەهۆی لێدانی كارەباوە هۆشیان دەهێنایتەوە بەر.

بەرپرسی ئەمنیان دەهاتە ناومان و پشتێنی بۆمبڕێژکراوی لەخۆی دەبەست و دەیگوت ئەگەر خواردنی ئەمڕۆت باش بووبێت، ئەوا ئەو ئەشكەنجەدانەش بەهەمان شێوە زۆر باش دەبێت. ئەوان بەهۆی كێبڵ ئەشكەنجەیان دەداین و رۆژانەش دوو یان سێ كەسیان لە ئێمە دەربرد و لەسێدارەیان دەدا.

هەموو رۆژێك لەخوا دەپاڕاینەوە رزگارمان بكات تاوەكو هێزەكانی ئەمریكا و دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان هاتن و رزگاریان كردین و تیرۆرستە چەكدارەكانیشیان لەناوبر.

ێمە زۆر سوپاسی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان دەكەین و سوپاسی بێپایانی هێزەكانی هاوپەیمانان و باوك و بەڕێزمان مەسعود بارزانی دەكەین، كە مرۆڤێكە ئەم جۆرە بەخششە بۆ ئەو كەمنییە، جەنابیان باوك و سەركردەمانە و پاش خوای گەورە ئەو رزگاركەرمان بوو سوپاس بۆ خو.

ئەحمەد مەحموود مستەفا، خەڵكی گوندی كوازعەرەب من پێنج جار لەلایەن داعشەوە گیراوم هەرجارێك 15، 19، 4 رۆژیان هێشتوومەتەوە، دواجار سێ مانگ هێشتیانمەوە دواتر هێزەکانی ئەمریكا و پێشمەرگە هاتن و رزگاریان كردین.
ئەوان دەهاتن دەست و چاویان دەبەستین و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكردین: یەكەم شت ئاویان پێدادەكردی، دواتر كارەبایان لێدەدایت تاوەكو زانیاری ئاشكرا بكەیت، ئەگەر زانیاریت نەدرکاندبایە لێدانت بەردەوام دەبوو، دانپێدانانیشت مردن بوو.

ئەوان نایلۆنیان دەخستە سەرت تاوەكو دەیانخنكاندی یان لەهۆشخۆدەچوویت پاشان كارەبایان لێدەدایت ئەوان بەڕاستی مردنیان پێ نیشان دەداین.

دواجار سێ چوار ژنیان هێنان كە یەكێكیان منداڵێکی لەباوەشدا بوو. تۆمەتیان بۆ ئەو ژنانە دروستدەكرد كە ئەوان شتی خراپیان كردووە، بەڵام هەموو تۆمەتەكانیان هەڵبەستراو بوون.

چەکدارەکانی داعش دەیانبردیتە بەردەم دادوەر، كە ئەویش راستەوخۆ بڕیاری كوشتن یان دووبارەكردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵتدا دەدا، دووبارەكردنەوەی لێكۆڵینەوەش واتا دووبارە بینینەوەی مردن بە چاوی خۆت بوو.

حەسەن حوسێن محەممەد، خەڵكی قەزای حەویجە پێش پێنج مانگ داعش دەستگیریان كردم، لەماوەی ئەو پێنج مانگەدا بەهیچ شێوەیەك تیشكی خۆرمان نەبینی، ئەوان بەڕاستی هەڵسوكەوت و مامەڵەیان لەگەڵماندا زۆر خراپ بوو و هەموو جۆرە سزایەكیان دەداین.

سەعد خەلەف عەلی فەراج، پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی حەویجە، بنكەی ماحوز: داعش دووجار منیان دەستگیر كرد، ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆر ئێمەیان ئەشكەنجە دادا وەكو كارەبالێدان و كیسە لە سەرنان، هەركاتێك كارەبایان لێدەداین ئاویشیان بەسەرماندا دەكرد بۆ ئەوەی ئەشكەنجەكە زیاتربێت و ئەوەی ئێمە بەچاوی خۆمان بینیمان لەوانەیە هیچ مرۆڤێك نەیبینیبێت.

ئەوان پێیان دەگوتین وەسیەتنامەی خۆتان بنووسن دەیدەین بە كەسوكارتان چونكە ئێوە لەسێدارە دەدەین، تاوەكو ئەو كاتەی لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆرەوە رزگاركراین.

سەعد خەلەف بە گریانەوە دەدوێت و ئەوانی دیکەش بەگریان دەهێنێت و دەڵێ ئێستا ئێمە لە هەرێمی كورستانداین و بەڕاستی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەڵسوكەوتیان لەگەڵماندا زۆرباش بوو مرۆڤایەتی ئەوان لەگەڵ ئێمەدا بەهیچ شێوەیەك باسناكرێت.



ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ڤیدیویی بڵاوكراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌

لێره‌ كلیك بكه‌ بۆ بینینی ڤیدیۆكه‌

Top