پێشمەرگە توانا و ئیرادەی رزگاركردنی هەموو شوێنێكی هەیە و چاوەڕێی كاتژمێری سفرە
فەریق جەمال هەروەها گوتی: ئەو كۆبوونەوەیە لەگەڵ هێزەكانی شنگالدا ئەنجام درا، ئەو هێزانەی حاڵی حازر لە بنكەی مەشق و ڕاهێنان فیشخابوورن و سەرقاڵی سەر لە نوێ ڕێكخستنەوەیانین، ئەم هێزەش پێكهاتووە لەو پێشمەرگانەی كە لە چیای شنگال بوون و لە سەرەتادا بەسەر چەند گرووپێكدا دابەش ببوون، كە دواتر كۆكرانەوە و چەند فەوجێكیان لێ پێكهێنرا بە ئامانجی دروستكردنی هێزێكی ڕێكخراو. هەر فەوجێكیش لە 400 كەس پێكدێت و تا ئێستاش 12 بۆ 13 فەوج بە تەواوی ئامادە بوون. ئەمە ئامانج و تەوەری كۆبوونەوەكەی ئێمە بوو لەگەڵ فەرماندەیی شنگالدا، واتە بۆ ئەوەی هەڵبستین بە دابەشكردنی ئەرك و فەرمانەكان بەسەر ئەو فەوجانەی تەواو بوون بۆ ئەوەی ئامادەكاری خۆیان بكەن و چەك و كەل و پەلی پێویستیان بۆ دابین بكرێت.
شایانی باسه جەمال هەروەها گوتی: لە 2ی مانگی ئابدا داعش هێرشی كردە سەر ئەم ناوچانە و لە 3ی مانگدا دەستی بە سەر بەنداوی موسڵ و زوممار و شنگالدا گرت تاوەكو نزیكی سحێلا- مەفرەقی سحێلا-. دواتر ئێمە بە بڕیاری جەنابی سەرۆك دەستمان كرد بە داڕشتنی بەرنامەیەك كە خودی سەرۆك هاتە ئەم ناوچەیە و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوە و بەرنامە و پرۆسەكانیشی دەكرد. لە ئەنجامدا توانیمان بە چوار قۆناخ سەرجەم ئەو ناوچانە ڕزگار بكەینەوە، تا گەیشتینە شنگال و ئەسكی موسڵ، بەنداوی موسڵ و چیای بادۆش و ناوچەی قەسریج تا دەگاتە حەردان تا گەیشتینە ڕەبیعە و چیای شنگال. لە ڕۆژی 19 و20ی مانگی كانوونی یەكەم گەیشتینە سەر چیای شنگال. ئێستاش سەرجەم ئەم ناوچانە لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان.
لە كۆتایی قسەكانیدا فەریق جەمال هەروەها گوتی: تێكڕای پرۆسەكان بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی پلان و بەرنامەی بۆ دادەڕێژرا و خۆی ڕێنمایی فەرماندە مەیدانییەكانی دەكرد، كاتێك پلان بۆ ڕزگاركردنی هەر ناوچەیەك دادەنرا، ئیدی بۆ زوومار بێت یان بۆ ڕەبیعە یان بۆ چیای شنگال. لێرەدا من دوو نموونە دەخەمەڕوو، یەكەمیان لە پرۆسەی ڕزگاركردنی ڕەبیعە، سەرۆك بارزانی پلانی ئەوەی داڕشت كە دەبێت سەرەتا ڕێگای عوێنات و ڕەبیعە بگیرێت، پێش ئەوەی خودی ڕەبیعە بگیرێت، لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ئەم پلانەشدا توانرا بە ئاسانی ڕەبیعە ڕزگار بكرێت. نموونەیەكی دیكە ئەوەیە كە كاتێك ئێمە ویستمان بچین بۆ شنگال ڕێگەیەكمان لەبەردەمدا نەبوو، ناچار دەبووین بە هێڵی ڕەبیعە و میشیلفە و بۆ سنونێ و لەوێ بچین دەروازەیەك بۆ شنگال بكەینەوە، بەڵام جەنابیان پێی ڕاگەیاندین كە نەخێر با لێرەوە ئێمە پشتی دوژمن بگرین، واتە لە ناوچەی قەسریج بۆ مەفرەقی عەیادێ بۆ حەردان، كاتێك پلانەكە جێبەجێكرا سەركەوتنێكی گەورەی لێ بەرهەم هات، دوژمن هەمووی تێكشكا و تەنانەت نەیانتوانی دەربازیان بێت و ناچار بوون بەرەو سووریا هەڵاتن. ئەمە دوو نموونەیە لەبارەی ئەوەی جەنابی سەرۆك چەند وردەكارییەكان لەبەرچاو دەگرێت و چۆن ڕۆدەچێتە ناو وردەكارییەكانی هەر پرۆسەیەكەوە، لەوەش زیاتر هەر خۆی سات بە سات سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پلانەكانی دەكرد و بەدواداچوونی بۆ ڕەوشی بەرەپێشچوون و پەرەسەندنەكانی پرۆسەكان دەكرد.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1047)
