لە ئێرانی ئیسلامی چوار مێرمنداڵی كورد مەترسیی لەسێداردانیان لەسەرە

 لە ئێرانی ئیسلامی چوار مێرمنداڵی كورد مەترسیی لەسێداردانیان لەسەرە
بەپێی هەواڵی سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ چوار مێرمنداڵی كورد كەلە تەمەنی خوار 18 ساڵدا دەستبەسەر كراون، ئێستە لە زیندانی ناوەندیی سنە چاوەڕیی بەڕێوەچوونی سزای سێدارە دەكەن.

هەواڵدەریی هێرنانا ناو و شوناس و حوكمی ئەو چوار مێرمنداڵەی ئاشكرا كردووە كە هەموویان بە تۆمەتی كوشتنی خەڵك سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.
ناسنامە و تەمەنی ئەو چوار مێرمنداڵە كوردە كە كاتێك تاوانەكەیان ئەنجام داوە بەم چەشنەیە:

1 ـ یووسف محەمەدی لەدایكبووی 1996 و كاتێك دەستگیر كراوە 14 ساڵان بووە. 2 ـ هێمن ئەورامی نەژاد لەدایكبووی 1998 و كاتێك دەستگیر كراوە تەمەنی 17 ساڵ و 9 مانگ بووە. 3 ـ سیاوەش مەحموودی لەدایكبووی 1996 و كاتێك دەستبەسەر كراوە تەمەنی 14 ساڵان بووە. 4 ـ ئامانج حوسێنی (ئۆوەیسی) و كاتێك دەستگیر كراوە تەمەنی 17 ساڵ بووە.

لەناو ئەو چوار كەسەدا سیاوەش مەحموودی راگەیاندووە كاتێك ویستوویانە دەستدرێژی بكەنە سەری، بەرگریی لەخۆی كردووە و تووشی تاوانی كوشتن بووە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە كە “كەیوومەرس نەسیری”ش یەكێكی دیكە لە مێرمنداڵە دەستگیر كراوەكانە كە لە ئەنجامی شەڕێكدا لەناو پاركی “شكۆفە”ی سەقز تووشی تاوانی كوشتن بووە و كەسێكی بەناوی “ئەیووب عەبدی” كوشتووە.

دۆسیەی كەیومەرس نەسیری لە دادگە بە كراوەیی ماوەتەوە و هێشتا هیچ حوكمێكی بۆ نەبڕاوەتەوە.

لە ئێران بەپێی یاسای تاوان بۆ كوڕان تەمەنی 15 ساڵ و بۆ كچانیش 9 ساڵی دیاری كراوە، ئەمە لەكاتێك دایە كە بەپێی كۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەت كۆنوانسیۆنی مافی منداڵان سزای سێدارەی كەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ قەدەغەیە.

پاش هەندێ‌ گۆڕانكاری لە یاسای سزای ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 2012 یاساناس و دادوەرەكان بۆ بڕینەوەی سزای سێدارە بۆ منداڵان، پێگەیشتوویی و باری عەقڵ و ئاوەزی كەسەكە لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكە دەكەنە پێوەر و بەپێی تاقیكردنەوە پزیشكی و تەندروستییەكان حوكم دەدەن.

حەفتەی رابردووش “فاتمە سالبهی” كەلە كاتی ئەنجامدانی تاواندا تەنیا تەمەنی 17 ساڵ بووە، لەلایەن دادگە و زیندانی شیرازەوە لەسێدارە درا.








باسنیووز
Top