مەسروور بارزانی، باسی ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەکات

مەسروور بارزانی، باسی ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەکات
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەویجە ئاشکرا دەکات.

لە تویتێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، مەسرور بارزانی نووسیویەتی “هیچ کوردێک لە نێو 69 بارمتە ئازادکراوەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی حەویجە نییە. هێزە ئازاکانمان توانیویانە 6 تیرۆریستی داعش دەستگیر بکەن و 20 ئەندامیشان کوژراوە”.

باس لەوەش دەکات “لەناخی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو سەربازە ئەمه‌ریکاییە دەکەم، کە لە ئۆپەراسیۆنەکە گیانی لەەست دا. هیوادەخوام ئەفسەرە بریندارەکانمان بە خێرایی شیفایان بۆ بێت”.

رۆژی پێنجشەممە 22/10/2015، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرا کردەوە “دوای ئەوەی زانیاریی تەواو هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر دیل و گیراو لە زیندانێکی تیرۆریستانی داعشدا لە نزیک حەوێجە گلدراون، کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی پێنجشەممە بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان، هێزێکی دژە تیرۆری سەربە ئەنجوومەنی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا گەیشتنە ناو قوڵایی سنووری ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان و توانیان دەست بە سەر زیندانی سەرەکیی داعشدا بگرن کە دەکەوێتە حەوت کیلۆمەتریی باکوری حەوێجە. ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتووانە ئامانجەکەی پێکا و خۆشبەختانە توانرا 69 هاوولاتیی زیندانیکراو ئازاد بکرێن، بەڵام دوای لێکۆڵێنەوەی سەرەتایی دەرکەوت کە هیچ کوردێک لە ناو زیندانیە ئازادکراوەکاندا نیه‌”.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە “لەم کردەوەدا زیاتر لە 20 چەکداری داعش کوژران و 6 تیرۆریست بە دیل گیران ، بە داخەوە سەربازێکی هاوپەیمانان کە ئەرکی پاڵپشتیی هێزەکانمانی لە ئەستۆ بوو گیانی لە دەست دا و سێ پیشمەرگەی هێزی دژە تیرۆر زامدار بوون. کاتژمێر 4 ی بەرەبەیان ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی پێهات و هێزەکانمان گەڕانەوە و هاولاتیە ئازادکراوەکان بۆ پشکنینی پزشکی و رێکاری پێویست ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کران”.

“پیتەر كۆك”، سكرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) ئاشكرای كرد، بەرەبەیانی پێنجشەممە لە سەر داوای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمریكی، پشتیوانیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە، لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگار كردنی بارمتەكان لە زیندانێكی داعش لە شارۆچكەی حەویجەدا. ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە ئەم پرۆسەیە بە مەبەست پلانی بۆ دانرا و ئەنجام درا، دوای دەستكەوتنی زانیاریی ئەوەی كەوا بارمتەكان ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژیی حەتمی دەبنەوە. گوتیشی: “پرۆسەكە ڕێگەپێدراو بوو، هاوشان لەگەڵ هەوڵی ئێمە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ ڕاهێنان و ڕِێنوێنی كردن و یارمەتیدانی هێزە عێراقییەكان”.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەمەریكا گواستنەوەی لە ڕێی هەلیكۆپتەرەوە دابین كرد و هاوشانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بۆ مۆڵگەكە. دووپاتیشی كردەوە: “نزیكەی 70 بارمتە ئازاد كران، لەوانەش زیاتر لە 20یان ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی عێراقن. 5 تیرۆریستی داعش لە لایەن پێشمەرگەوە گیران و ژمارەیەك تیرۆریستی دیكەی داعش كوژران. لەوەش زیاتر ئەمەریكا زانیاریی هەواڵگریی گرنگی لە سەر داعش بەدەست هێنا، بەڵام یەك ئەندامی تیمە ئەمەریكییەكە بریندار بوو و لە كاتی پرۆسەكەدا كە یارمەتی هێزەكانی پێشمەرگەی دەدا، كاتێك تووشی ڕووبەڕووبوونەوی داعش بوون. ئەو بریندارە دوای ئەوەی چارەسەری پزیشكی وەرگرت، گیانی سپارد. هەروەها 4 پێشمەرگەش بریندار بوون”.
Top